.

پێناس

فۆنت

ڕۆژنە و دەستەی فەرهەنگیی ئەحمەدێ خانی

ماوە بۆ خوێندنەوە (٣) خوولەک

ناسین و بەیان

بەشدارانی بەڕێزی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی دەستەی فەرهەنگیی ئەحمەدێ خانی (ڕۆژنە)، بە پەیامی کەلتوریی دوور لە سیاسیکاری، بە مەبەستی سازکردنی کەشێکی لەبار بۆ وەگەڕخستنەوەی وزەی لاوانی لێهاتوو و بە درک پێ­کردن بە بوونی دڕک و داڵ و زراوبوونی پەتی کەلتوری، بە تایبەت لە چەقەخانەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، و قەتماغەکردنەوەی برینی فەرهەنگی، خۆبەخشانە لە دەرگای ئێوە دەدەین بۆ ئەوە بڵێین ئەم فەرهەنگستانە ڕۆژنەیەکە بۆ پڕژاندنی کەلتووری ئەرێنی و شوێنێکە بۆ دەستگرتنی گەنجینە ڕاستەقینەکان بە مەبەستی پێشکەوتن و گۆڕینی ژوورگەی بیریی گەنجان. لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی کۆمەڵگای فەرهەنگیی ئەحمەدێ خانێ بکەین کە لەوەتا لە باشووری کوردستان کار دەکەن لە پەنا کاری پێبژێوی، تێچوویەکیشیان بۆ خزمەتکردنی وارگەی فەرهەنگی داناوە و ئەمەش یەکێکی­ترە لە هاوکارییە خۆویستەکانی ئەوان.

لە ڕاستیدا، ئەمە هەلە کە لە وڵاتی ئێمەدا کاری فەرهەنگیی بە تەواوی بە حکوومەت نەبەستراوەتەوە و بەشێوەیەکی ئازاد لە دەست ڕووناکبیرانیش دایە. بە تایبەت بە هاتنی شەپۆلی هەوسارپساوی بەجیهانی بوون قۆرخ­کردنی ڕاگەیاندن لە مستی دەسەڵاتدا، بە تایبەت دەوڵەتانی دراوسێ، خزیوە، ئەمە خۆی بەڕی گەشەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بە بەرینی ڕادەخات و لە داهاتوودا بەری پێوە دەبێت. لە گەڵ ئەوەشدا دەوڵەتانی تاکڕەو و یەکەڕۆ بە شێوازی جۆراوجۆر بە دروست­کردنی ئەرتەشی سایبەری و بە تێچوویەکی زۆر، بە شێوەیەکی نەرم لە هەوڵی ڕزاندنی فەرهەنگ و متمانەی کۆمەڵایەتی و ساردکردنەوەی سەرمایە کۆمەڵایەتیەکانی ئێمەدان. بەداخەوە بەشێکی خەڵکی نیودێرخوێنیش، بە نەزانین یا بە ئانقەست، ئانتی بیری تاشراوی ئەوان دەوەشێننەوە. بە جۆرێک کە خەریکە کۆلۆنیالیسمی فەرهەنگیی ئەوان هەژموون و ڕەشایی دەنوێنێت.

لەم دیمەنگەیەوە، سەرەکی­ترین ئامانجمان ئەوەیە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی و ئازاد، کە وەک پایەی چوارەمی دیموکراسیە، بە دروستی بەکار بێت؛ بە شێوەیەک کە کاری فەرهەنگسازی بە بێ ئاراستەکردن ببێتە شتێکی خۆئاسا، تەندروست و جوڵاو و ببێتە نوێنگەی دووبارە پەروەردەکردنەوەی کەلتووری لاڕێیی و لاری میدیایی و بتوانین مێشکی لاوەکانی ئەم وڵاتە لە یەخسیری بە دەست میدیا پۆپۆلیستیەکان دەربێنین و دیدگای ڕووکەشی و تاک ڕەهەندیان بکەینە دیدگایەکی فرەڕەهەند و قووڵ. هەروەها بە هەناسەیەکی دیموکراتێک کار دەکەین تاکو مەیدان­سازیی بکەین بۆ پڕڕەنگترکردنی خاڵە هاوبەشە نەتەوەییەکانمان لە نێوان هەموو ئیدە و ئایدۆلۆژی و بیرە سیاسیە جیاکانی ناو کوردستان.

بە هیوای ئەوەی ئێرە لە ڕۆژنەیەکی بچووک ببێتە داڵانێکی ئارام و متمانەپێکراو بۆ ئەوەی بە هەستی بەشداریی بتوانینن سەرمایە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانمان بەهێز بکەین و ببینە کۆڵەگەی تاوڵی پەرەسەندنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی.

محەمەد کەریم­خان

25/8/2020

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە