.

واژەی ڕۆژنە

فۆنت

 

واژەی ڕۆژنە، ڕیشەی وشەیی و ئەندێشی

محەمەد کەریمخان

کۆی وشەکان 429، کات بۆ خوێندنەوە 2 خولەک

rojneجاران سەبکی میعماریی گوندەکانی کوردستان بە جۆرێک بوو کە خانووەکانیان هۆدەی زۆری تێدابوون؛ هەندێک هۆدە وەک دیوی تەندوور و ڕزق و کادێن... تاریک بوون و زارک و تاودانێکی لە بەری باندا هەبوو بۆ ئەوەی پەرتەوی خۆر و  ڕووناکایی دەرێ بێنێتە ژوورێ. ئەم دەریچەیە ڕۆشەناییەک بوو بۆ دیوەکە و بە مانگەشەویش باریکەی ڕووناکیی دەهێنا ژوور و پێش چاوانی ڕوون دەکردەوە. جگە لە کاربردە فیزیکیەکەی، جوانیە هونەرییەکەشی شتێکی دیکە بوو، بە تایبەتی دیمەنی باوەشە تیشکێک کە دەهاتنە ژوورێ و ئەو وردەواڵەی کە ڕەسەر هەوا دەکەوتن جوانتری نیشان دەدان. ئێستاش لە زۆرێک لە خانووە مۆدێرنەکان ئەم پەنجەرە هەواییە هەیە و پێی دەڵێن ڕۆشەنایی. لە ناو ئاپارتمانە نوێیەکاندا نوورگەیەکی شووشەیی لەبەری بانان هەیە بۆ ئەوەی تیشکێکی سرووشتیی بە ستوونی پێیدا باریکە بکات و جۆرە زیندویەتییەک دەداتە ماڵەکان و ڕوحی وەبەر دەنێتەوە و جۆرە بێ دەنگی و ئارامییەکی تایبەتیشی پێوەیە.

ڕەنگە کۆنایەتی وشەی ڕۆژنە بۆ ئەڤێستا بگەڕێتەوە؛ لە زمانی ئەوێستایی بە (رئوچنە) ناوی هاتووە و ئێستاش لە زاراوەی ناوچەی ئەردەلان پێی دەڵێن ڕۆچنە و لە هەندێک زاراوەی دیکەی کوردستان پێی دەڵێن ڕۆشنە. بەڵام لە بەر ئەوەی تیرێژی ڕۆژ دێنێتە ژوورێ هەندێک پێی دەڵێن ڕۆژنە. لە ڕاستیدا وشەی ڕۆژنە بچوکاندنی وشەی ڕۆژ و ڕۆشناییە، واتا پێک هاتووە لە واژەناوی سەرەکیی (ڕۆژ) + ئامرازی بچووکاندنی (نە)، یا باشترە بڵێین موعەرەبی وشەی (ڕۆژ)ە، بە واتایەکی باو دەتوانین بڵێین وەک کونیژگە و دەریچە دەچێت و لە بارە ئەدەبیەکەشی وەک مزگین و مژدە بەکار دێت. جگە لە مانا وشەییەکەی، بەپێی واتا ئەدەبیەکەی ئێستاش دەتوانین وشەی ڕۆژنە لە ناو کولانکەی گوندەکان بێنینە دەرێ و لە شوێنی دیکەی وەک ئەم سایتە بە ئیستیعارە بەکاری بێنین.

وەک دەستەی فەرهەنگیی ئەحمەدی خانی بە کەلک وەرگرتن لە دوو دیدگای زمانی کوردەواری و تیۆری مۆسۆلی ئەفلاتوونی، مەبەستمان نموونە بەناوبانگەکەی ڕووناکایی و ئەشکەوتی ناو وێنەزەینی ئەفلاتوونە، ئەم ناوەمان بەلاوە جوان و وتادار و کوردانە و فەلسەفیانە بوو کە ڕەگێکی لە ناو ناخی زمانی کوردی دایە و ڕەگێکی لە ناو ئەندێشەی ئەفلاتوون. هەروەها پێمان وایە ئەم ناو و دروشمە لە گەڵ بیر و چالاکی و ئامانجی سایتەکەش هاوسەنگی و هارمۆنی هەیە. ئەمڕۆ کە لە ناو وڵاتانی جیهانی سێیەم کەمتر گرینگی بە واری فەرهەنگسازیی دراوە و سیاسەتی فەرهەنگی کاولەوارێکە کە کوندەبۆ تێدا دەخوێنێت و ئێمەش بەدەر و بەدوور نین لەو کاولستانە، سایتێکی بچووکیش هەر بە وێنەی ڕۆژنەیەک پێناسە دەکرێت کە خەمی فەرهەنگی بەلاوە لە خەمی سیاسی و ئابووری کەمتر نیە و بە هەست کردن بە بەرپرسیارێتی، خۆبەخشانە و بێ بەرانبەر کاتمان بۆ داناوە. جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە سەرچاوەی هەڵبژاردنی ناوی ڕۆژنە بکەین سەرەتا برای بەڕێزمان دکتۆر سیروان زەند ئەم ناوەی پێشنیار کرد و دوای تاوتوێ، دەستەی فەرهەنگیی ئەحمەدی خانی پەسندی کرد و پێی وایە کە دانانی ناوەکەش خزمەتێکە بە واری فەرهەنگ.

ئەگەر بابەتەکە پەسند دەکەی بە پاراستنی سەرچاوەوە بۆ دۆستانت بنێرە

www.rojne.net

ناردنی بۆچوون

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە