.

رۆشنگەری (پەیوەستی ٢)

فۆنت

enlightenment 2پاش تێگەیشتنمان لە رۆشنگەری و گرنگییەکەی، هەروەها پەیوەندیەکەی بە مرۆڤ و تێگەیشتن و تێڕوانینی مرۆڤ بۆ شتەکان و وەدەستخستنی زانست و زانیاری، پێویست دەکات لێرەدا مرۆڤ وەک بونەوەرێک پێناسە بکەین و بیخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە بە مەبەستی تێگەیشتن لێی وەک بونەوەرێکی ئاقڵ و خاوەن هزر، هەروەها ئەنجامدانی توێکاریکردنێکی فیکرییانە بۆ مرۆڤ وەک ئەوەی کە هەیە و ئێمە هەستی پێدەکەین کارێکی پێویست دەبێت، چونکە لە بابەتی رۆشنگەرییدا خودی مرۆڤ دەبێت بە سەنتەری بیرکردنەوە و بڕیار و فەرماندان.

بە تێڕامان و وردبوونەوە لە مرۆڤدا وەک بونەوەرێک، دەگەین بەوەی کە مرۆڤ لە رووی کردار و ئاکارەوە خاوەن سێ بوونە لە خۆیدا و هەر بوونێک فرماندەری کۆمەڵە کارێکن و خواستی خۆیان هەیە بۆ بەجێگەیاندن، گەر بێت و سەرچاوەی فرمان و کەسایەتییە جیاوازەکانی خود بەباشی نەناسین؛ ئەوە تووشی ئاڵۆزیی دەبین لە بڕیاردانی پێویست و بەجێ و شایستەی هەر دۆخێک کە دێتە پێش، لێرەوەیە گرنگی خودناسیی بەدیار دەکەوێت و خودناسیی دەبێتە هەنگاوی یەکەمی رۆشنگەری.

کەسایەتیی یەکەم: بوونی جەستەیی (بایولۆجی)، ئەم بوونە دیارترین بوونە لە مرۆڤدا ئەویش لە بەر ئەو حاڵەتە فیزیکییەی کە هەیەتی و بەرچاوە، لەم بوونەدا مرۆڤ و ئاژەڵ وەک خاوەن خەسڵەتی هاوبەش دەکەونە یەک خانەوە (لە پۆلێنکردنی بونەوەرەکان) بۆیە هەندێک جار دەگوترێ بوونی حەیوانیی مرۆڤ، خەسڵەت و کردارەکانی بوونی جەستەیی بە گشتی بریتین لە پینچ هەستە سەرەکیەکەی مرۆڤ (بینین، بیستن، دەستلێدان، بۆنکردن، تامکردن) و غەریزەکانی وەک خواردن، سێکس، بەرژەوەندی و هەوڵدان بۆ مانەوە، ئەم بوونە ئەزمونگەرا و پیشەیی و جێبەجێکارە و سیستەم بە باشی وەردەگرێ و بە وردی جێبەجێی دەکات (وەک پەیڕەوکردنی نەریتەکانی کۆمەڵگا و ... [بە پێی نائاگایی کار دەکات (لاشعور)])، هەروەها ئەم بوونە بوونێکی جەبرییە لەبەر ئەوەی سەرچاوەی فرمان بۆ کردار تێیدا بریتییە لە غەریزە و خواستە جەستەیی و بایۆلۆجییەکان، ئەم بوونە لە رێگەی تامکردنی خۆشییە جەستەییەکانەوە دەگات بە چێژ وەرگرتن.

کەسایەتیی دووەم: بوونی دەرونیی (سایکۆلۆجی)، ئەم بوونە رەهەندێکی مەعنەوی و روحی بە مرۆڤ دەبەخشێ و سەرچاوەی سۆز و عاتیفە و ئەویندارییە لە تاکدا، لەم بوونەشدا دیسان خاڵی هاوبەش لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا وەک دوو بونەوەر بە شێوەیەکی رێژەیی هەیە. سۆزداریی و ئەوینداریی و بەزەیی، لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەم بوونەیە و هەر ئەمانەش دەبنە سەرچاوەی فرمان بۆ کردار و کاردانەوە، هەر بۆیە ئەم بوونەش بونێکی جەبرییە و بە پێی خواستە دەرونییەکان (بە بێ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن) وەڵامدانەوەی بۆ بابەتەکان دەبێت، ئەم بوونە خۆشباوەڕە، ناسەقامگیرە، هەستیارە و هەڵچونی زۆرە. لە خەسڵەتە باڵاکانی ئەم بوونە لە مرۆڤدا ئەوەیە کە بە رۆچوون و خەڵوەت کردن لە گەڵ خۆیدا دەگات بە دەرونبینی (بصیرت) و دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام و سرووش (بەرهەمهێنانی ئایین)، هەروەها لە رێگای هێزی خەیاڵکردنەوە هونەر بەرهەم دەهێنێت و لە تێڕامان لە جوانیدا دەگات بە لوتکەی چێژ.

کەسایەتیی سێیەم: بوونی ئەندێشەگەرا (لۆژیکی، ئەقڵ)، بە لەدایک بوونی ئەم بوونە لە تاکدا واتە هەنگاو نان روەو مرۆڤبوون و کامڵبوون، هەروەها هەنگاونان روەو ئامانجی بوونی مرۆڤ کە ئەویش شتێک نییە جگە لە مرۆڤبوون، لێرەدا مرۆڤ رێرەوی خۆی لەگەڵ ئاژەڵدا وەک بوونەوەرێک بەتەواوەتی جیا دەکاتەوە، سەرچاوەی ئەم بوونە لە مرۆڤدا بریتیە لە ئەقڵ و ئەندێشە کردن و هەروەها بیرکردنەوەی لۆژیکی و ئەقڵانی لە دیارترین خەسڵەتەکانیەتی، میکانیزمی ئەم بوونە بریتیە لە رەخنەگرتن و شیکردنەوە و تێفکرین و بەڵگەهینانەوەی لۆژیکیانە بۆ روداوەکان، و تەواو ئازادانە (واتە جبری نییە) رەفتار دەکات واتە ناکەوێتە ژێر باری کاریگەری هچ کام لە بوونەکانی دیکەوە (مل ناداتە خواستە جەستەیی و دەروونیەکان) لە بڕیارداندا، بۆیە بڕیارەکانی ورد و دروستن (واتە سەرچاوەی فرمان لێرەدا بریتیە لە ئەقڵ)، ئەم بوونە لە کەشێکی تەواو ئازادانەدا و بە تێفکرین بەرەو چاکەخوازی و بەرهەمهێنانی کردەی ئاکاری (اخلاق) دەمانبات، واتە دەبێتە سەرچاوەی فرمان لە کردەی ئاکاریدا، ئەم بوونە تەواو لە ئاگاییدا بەسەردەبات و بوونێکی گومانبەر و پرسیارکەرە و لە رێی ئەندێشەکردنەوە درک بە راستی و دروستی شتەکان دەکات و فەلسەفە بەرهەم دێنێت. ئەوەی مرۆڤ دەگەیەنێت بە کەماڵ و لە ئامانجی مرۆڤبوونی خۆی نزیکی دەکاتەوە بوونی ئەقڵانییە لە تاکدا، بۆیە دەبێت ئەم بوونە چاودێر بێت بەسەر کردار و رەفتارەکانی بوونەکانی دیکەدا بۆ ئەوەی مرۆڤ بە لاڕێدا نەبەن و گومڕای نەکەن.

لەراستیدا ئەوە ئامادەبوونی بوونی ئەقڵانییە لە مرۆڤدا وا دەکات کە بەدور بین لە خەسڵەتەکانی چەواشەبوون، دەمارگیری، خۆشباوەڕیی، داردەسیبوون،  لەخشتەبردن و کۆیلەبوون، هەروەها ئەم بوونە کەسایەتی رۆشنبیر بەرهەم دێنێت وادەکات کە بە هزرێکی رۆشنەوە روداوەکان و شتەکان وەک ئەوەی کە هەن بیانبینین و درکیان پێبکەین و دواجار بڕیاریان لەسەر بدەین. (لیرەدا دەبێت ئەوەمان لە یاد نەچێت کە ئەمە بە مانای رەدکردنەوەی بونەکانی دیکە نیە لە مرۆڤدا، بەڵکو خواستەکانی ئەوانیش پێویستن و رێگەپێدراون بۆ مرۆڤ بەڵام ئەوە بوونی ئەقڵانیە کە بە پێی سنوور، کات و شوێن خواستە جەستەیی و دەروونییەکان رێک دەخاتەوە).

لەکۆتاییدا دەبێت ئەوە لە خۆمان بپرسین کە ئێمە وەک تاکێک لە نێو کۆمەڵگادا، ئەوە کام یەک لە بوونەکانە کە زاڵە بەسەرماندا و بەڕێوەمان دەبات و ئاخۆ چەند کێشەسازە و یان خۆشبەختی بۆ هێناوین، هەروەها لە هەڵسوکەوتکردنماندا لە گەڵ کایەکانی نێو کۆمەڵگا وەک نەریت، کلتور، ئایین، سیاسەت، ئایدولۆژیا ...، ئاخۆ ئەوە کام بوونە لە ئێمەدا کە دەبێتە سەرچاوەی فرمان و بەڕێوەمان دەبات و چارەنووسمان دیاری دەکات.

ئەگەر نووسینەکە پەسند دەکەی، بە ئاماژە بە سەرچاوە، بۆ دۆستەکانت بنێرە

www.rojne.net

ناردنی بۆچوون

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە