.

سیستەمی هەور و با!

فۆنت

 

*سەعد قازی

294 وشە، کات بۆ خوێندنەوە 2 خولەک

cloud and wind system2ئەگەر حکوومەت بیهەوێت چاکسازی ئەنجام بدات دەبێ لە سیستەمی پەروەردەوە دەست پێبکات. چونکە چاکسازی بە مرۆڤ دەکرێت و ئەوەش کە مرۆڤ بەرهەم دێنێت سیستەمی پەروەردەیە. کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستەمی پەروەردە بریتین لە جۆری ڕاهێنان، جۆری بابەت و مامۆستا. لەبەرکردن یەکێک لە جۆرە سەرەکییەکانی ڕاهێنانی قوتابییە لە ناو سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا. بابەتی خوێندنیش بریتییە لە کۆمەڵێک زانیاری وشک کە بۆ ماوەیەکی کەم مێشکی قوتابی پێ داخندرێت و نابێتە هۆی داهێنان و پێشکەوتنی قوتابی و لە ئاکامدا قوتابی ناکات بە مرۆیەکی بە توانا و بیرمەند. چونکە ئەوەی مرۆی بە توانا و بیرمەند و داهێنەر بەرهەم دێنێت، بیرمەندبوونە نەک درخکردن.

سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوازدە ساڵ قوتابی دەخاتە ژێر گوشار و لە ئاکامدا مرۆیەکی ماندوو، خەمۆک، تووڕە، کەم حەوسەلە و کەم توانا بەرهەم دێنێت کە ئەگەر دواتر باشترین پلەکانی خوێندنیش ببڕێت، توانای پێشخستنی وڵاتەکەی نابێت. جێگەی سەرنجە کە تەنیا ئیدارەی پەروەردە لەم بابەتە بەرپرسیار نییە، بەڵکوو بەرپرسیاری سەرەکی حکوومەت و سیستەمی پلاندارێژیی حکوومەتە. بۆیە ئەوە ئەرکی حکوومەت و سیستەمی سیاسییە کە خەمی لێ بخوات و پلانێک بۆ سیستەمی پەروەردە دابڕێژێت کە بتوانێ مرۆی بە توانای تێدا پەروەردە بکات، مرۆیەک کە بتوانێ کوردستان پێش بخات.

بەهادان بە بژیو و ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستا هۆیەکی گرنگی گەیشتن بەو ئامانجەیە. مامۆستا دەبێ ژیانی ماددییەکەی بە جۆرێک بێت کە خەیاڵی لە نانی شەوی ئاسوودە بێت و هەموو وزەی خۆی بۆ پەروەردەکردنی قوتابی بەکار بێنێت. ناکرێ لە ناو پۆل مامۆستا بێت و کە هاتە دەرەوە ببێت بە تاکسی بۆ گەیاندنەوەی قوتابییەکەی و موناقەشەی پارەی لەگەڵ بکات. بە کورتی چاکسازی ڕاستەقینە کاتێک ڕوودەدات کە حکوومەت و سیستەمی سیاسی بگەن بەو قەناعەتە کە ئەوە مرۆڤە کە وڵات دروست دەکات و پێشی دەخات نەک پارە و بینایە و نەوت و سیلاح. مرۆڤێک کە لە قوتابخانەدا پەروەردە دەبێت و قوتابخانەیەک کە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بریتین لە جۆری ڕاهێنان، جۆری بابەت و مامۆستا.

*مامۆستای زانکۆ

ئەگەر بابەتەکە پەسند دەکەی بە پاراستنی سەرچاوە بۆ ئەوانی دیکەی بنێرە www.rojne.net

ناردنی بۆچوون

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە