.

ئاریشەی ھەڵە و لاسایی لە گۆرانیی کوردیدا

فۆنت

 

ئەمین گەردیگلانی (بۆکان)

(ئەم وتارە پێشتر لە ڕۆژنامەی خەبات ژماره 6026 لە ڕۆژی 21/10/2020 بڵاو کراوەتەوە)

2807 وشە، بە 20 خولەک بیخوێنەوە

issues in Kurdish songsیەکەم ھونەر کە مرۆڤ ھەستی پێکردووە و لە ناخ و ھەستی خۆیدا دۆزیویەتەوە و ڕۆحی خۆی و دەوروبەرییەکانی پێ ئارام کردۆتەوە دەنگخۆشی و ھونەری دەنگبێژییە. مرۆڤ کاتێک گوێی لە دەنگی ئاژەڵ و پەلەوەرکان بووە و ھەستی بە چێژێکی دەروونی و لاواندنەوەی ڕۆحی خۆی کردووە، پەنای بۆ دەنگی خۆی بردووە و بە دەربڕینی ھەستی ناوەکیی خۆی و جووڵاندنەوەی تاری سەوتیی گەرووی ئاوازی تاییبەتی دەربڕیوە و دەروونی خۆی پێ ھێور کردۆتەوە. ڕەنگە ھەر ئەم لەراندنەوەی دەنگ و ئاوازە تایبەتەی گەرووی مرۆڤ، لە درێژخایەندا وای کردبێ مرۆڤ پەنا بۆ ھۆنینەوەی وشەکان بە شێوەی ڕیتمی و کێشدار بەرێت و ھەستی خۆی پێ دەربڕیبێ. کەوایە دەتوانین بڵیێن دایکی شیعر، ئاوازە و ئەگەر لە سەرەتادا ئاواز و لەرینەوەی دەنگ لە لای مرۆڤ نەدۆزرایەتەوە شیعریش نەدەدۆزرایەوە. کاتێک ئەم ھونەرە بەرزە بۆتە بەشێک لە ویست و چێژە دەروونییەکانی مرۆڤ، کۆمەڵگاش بەبێ مۆسیقا ویشک و بێ نەشە و سارد و سڕە، گۆرانیش بە بێ شیعر مانای نییە و ھەتا شیعر و ئاواز پێکەوە ئاوێتە نەبن و دەستەملانی یەکتر نەبن، دیارە مەلی گۆرانیش ناتوانێ بە یەک باڵ بفڕی و لە نێو گوڵجاڕی دڵەکان و لە سەر چڵەپۆپەی ھەستەکان بنشێتەوە و ئۆخژن و چێژی دەروونی بە ڕۆح و گیان ببەخشێ. ھەر ئەوەش وای کرد مرۆڤ لە سەر دەنگ و گۆرانی چڕبێتەوە و دەزگا مۆسیقاییەکان بدۆزێتەوە و ئامێزی مۆسیقایی دروست بکات. دیارە مۆسیقا دڵ بلاوێنە و ھەستێکی سەیر بە دەروون دەبەخشێ کە نازانی چییە و کاتێک گوێت لە گۆرانییەکی خۆش دەبێ پێستی لەشت میروولە دەکات و مووی لەشت قرژ دەبێتەوە. دیارە بیستنی پارچە مۆسیقایەکی بەبێ کەلامیش جاری وایە ئەو ھەستەت پێدەبەخشێ، بەڵام بە قەد گۆرانییە خۆشەکە کاریگەریی لە سەر ھەست و ئەندامەکانی لەش نییە. کەوایە ھەست بزوێنترین و چێژبەخشترین بەشی ھەر گۆرانییەک شیعرەکەیەتی. ئێستا تۆزێ بگەڕێوە سەر یادەوەرییەکانی خۆت و بیر لەو گۆرانییانە بکەوە کە لەبەرت کردوون یا وەک خۆشترین گۆرانی حەز دەکەی بەردەوام گوێی لێ بگری. لێرە دایە بۆت دەردەکەوێ شیعری گۆرانییەکە، ڕۆحی گۆرانییەکەیە و ھەر ئەویش بۆتە ھۆی ئەوەی ئاوازەکە خۆش و ھەست بزوین بێ و لەبەری بکەی. دوای ئەم پێشەکییە کورتە دەمەوێ گۆرانیبێژەکان بکەمە بەر دەنگی خۆم و ڕووی دەمم لە ئەوان بێت و دەردەدڵەکانی خۆم دەربڕم.

بە داخەوە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا خوێندنەوە کەمە و ئەو پەتایە گۆرانیبێژەکانیشی گرتۆتەوە. گۆرانیبێژ دەبێ شیعر ناس بێت و ڕۆژانە بەردەوام شیعر بخوێنێتەوە و ماڵەکەی کتێبخانەیەک بێ لە دیوانە شیعرەکان. چونکە گۆرانیبێژ کاتێک شیعریک دەخوێنێتەوە و کاریگەریی لە سەر ڕۆح و ھەستی دەبێ دەتوانێ ئاوازی بۆ دانی یان بیدات بە ئاوازدانەرێک ئاوازی بۆ دابنێ. چونکە ئەو گۆرانییە کاتێک نەمر و ھەرمانە کە گۆرانیبێژ بە ڕۆح و گیان لە شیعرەکە تێگەیشتبێ و پێی وابێ خۆی ئەو شیعرەی ھۆنیوەتەوە. دیارە پەتای نەخوێندنەوە گۆرانیبێژەکانی داگرتووە بۆیە گۆرانیبێژە خوێندەوارەکان گۆرانییەکانیان پڕە لە ھەڵە و پەڵە و جاری وایە وشەی ھێندە بێ مانا لە دەمیان دەردەپەڕێ خۆشیان نازانن یانی چی. گۆرانیبێژانی قەدیم نەخوێندەوار بوون بەڵام بە شێوەی سروشتی لە زمان و وشەکان تێدەگەیشتن و ھەتا لە مانای وشەیەک تێنەگەیشتنایە بە کاریان نەدەھێنا. چونکە ئەوان خۆیان لە ھەمبەر زمان و ھونەری گەلەکەیاندا بە بەرپرس دەزانی و عەیبێکی گەورەش بوو وشەیەک بە ھەڵە لە دەمیان بێتەدەرێ، ھەر ئەوەش وای کردبوو ھونەرمەندێکی دەروەست و ڕاستەقینە بن.

بۆ وێنە حەسەن زیرەک نەخوێندەوار بوو بەڵام ھەڵەیەکی ئەوتۆ لە گۆرانییەکانیدا نییە کە مانای شێعرەکەی سەقەت کردبێ، یان وشەیەکی نامۆ و بێ مانا بەکاربێنێ. کاتێک شێعری شاعیرێکیش دەکا بە گۆرانی، لەگەڵ ئەوەی جاری وایە پاش و پێش بە وشەکان دەکات یان وشەیەکی تر لە نێو شێعرەکەدا دەگونجێنێت، وشەکە بێ مانا و ڕەق و زەق نییە و کێش و مانای شێعرەکەش ناشێوێنێت. بەڵام گورانیبێژەکانی ئەمڕۆ کە ھەموویان خوێندەوارییان ھەیە و ئەگەر دەرچووی زانکۆش نەبن لانیکەم قوتابخانەی دواناوەندییان تەواو کردووە و پۆز و دەمارەکەشیان سەد تەیارە نایتوانێ؛ گۆرانییەکانیشیان بە دەگمەن ھەڵدەکەوێ ھەڵەی تێدا نەبێ. یان شێعرێکی وا بۆ گۆرانییەکەیان ھەڵدەبژێرن بە ھیچ کلۆجێ لەگەڵ ئاوازەکە سازگارییان نییە و دووپۆییەکی زۆریان پێوە دیارە. گۆرانیبێژ ھەیە شێعری «سازی ناساز»ی «ھێمن» بە ھەوای «سۆیبە باڵابەرز» دەڵێ.

سازی ناسازی ھەڵپەسێراوم

چڵە ڕێحانەی دوورە دێراوم

دەفتەری شێعری شاعیری ڕووتم

شەمی سەر گۆڕ و داری تابووتم

ئەم شێعرە بۆ ئاوازیکی نەرم و خەماوی دەبێت نەک ھەوایەکی وەک سۆیبە باڵابەرز و شایی پێ بگێڕن.

سازی ناسازی ھەڵپەسێراوم

چڵە ڕێحانەی دوورە دێراوم

سویبە باڵا بەرز ھەست بەیانە

 دەم لەناوی دەم دەستەولەملانە

یان شێعری «لە سەرەمەرگی ھیوادا»ی «گۆران» کاک «بێھرووز تەوەکولی» بە ھەوای «ئەی وەی زارا گیان» تۆماری کردووە.

ڕۆڵەی تاقانەم ھیوای ژیانم

ئەستێرە گەشەی بەری بەیانم

 ئەو شێعرە خەماوییە کە کوڵوکۆی دڵی گۆرانە کاتێک ھیوای کوڕی لە کاتی گیانکەنشتدا بووە و لە سەرە مەرگی کوڕە تاقانەکەیدا نووسیویەتی و ھیچ کەس ناتوانێ بیخوێنێتەوە و فرمێسک ھەڵنەوەرێنیت کەچی ئەو بەڕێزە کردوویەتە ھەوای بەزمی و بەڕاستی غەدرێکی گەورە لە شیعرەکە و شاعیرەکەی کراوە.

ڕۆڵەی تاقانەم ھیوای ژیانم، ئەی وەی زارا گیان دیدەم زارا

ئەستێرە گەشەی بەری بەیانم، ئەی وەی زارا گیان دیدەم زارا

گۆرانیبێژ چونکە کاری گۆرانی گوتنە و گۆرانیش ڕیتم و کێش و مۆسیقایە، دەبێ زۆر باش شێعر بناسێ و بزانێ ناوەرۆکی ئەو شێعرەی دەیکاتە گۆرانی بۆ چ ئاوازێک گونجاو و سازگارە.

ئەگەر باسی ناسازگاریی شێعر و ئاواز بکەم دەیان نموونەی دیکە ھەیە بیخەمە ڕوو بەڵام نامەوێ بابەتەکە زۆر درێژ ببێتەوە و مەبەستی من لە نووسینی ئەم ڕەخنەیە زیاتر ئاوڕدانەوەیە لە ھەڵەی وشەیی و ڕێزمانی لە گۆرانییەکاندا.

ھونەرمەند برایم فەتاحی پیاوێکی نەخوێندەوار بوو، بەڵام ھونەر و جوانی و ڕەسەنایەتی لە گۆرانییەکانی دەبارێت و تا ئەمڕۆ ھیچ کەس نەیتوانیوە لاسایی بکاتەوە. گۆرانییەکی ھەیە بە ناوی «مریەمی چەندە جوانی» لە کۆپلەیەکی ئەو گۆرانییەدا دەڵێ:

مریەمێ چەندە جوانی، چەند بەناز و عینوانی

ھەردەڵێی پابێدەیە، دێتەوە لە ڕێی کانی

 پابێدە ناوی ماشێنێکی قەدیمی ڕووسی بوو لە شێوەی دۆج کە سەردەمی خۆی زۆر گرینگ بووە. حەسەن زیرەکیش لە گۆرانییەکدا دەڵێ:

زاوا لە بووکێ مەدە تۆخودا لە بوکێ مەدە

ئەگەر لە بووکێ بدەی تێکدەچێ دەسرە و شەدە

دەنا دێبەم و دەڕۆم یەکسەر دەچمە نەغەدە

لە بەر دەرکیان ڕاگرتووە جیمس و جیب و پابێدە

بەڵام گۆرانیبێژ مکاییل کاتێک دێ ئەو گۆرانییەی برایم فەتاحی دەڵێتەوە "پابێدە" دەکاتە "پابادە" کە دڵنیام نازانێ یانی چی و پابادەش ھیچ مانایەکی نییە. بە ھۆی دەمارزلییەوە پرسیاریشی لە کەسێک نەکردووە بۆ ئەوەی لە مانای وشەی پابێدەی تێی بگەیێنێ.

شیعری (ئەم پەرچەم و ئەگریجە..) کە شێعری «سافی ھیرانی»یە و مامۆستا عەلی مەردان چڕیویەتی، کاتێک ھێمن حسێن دەیڵێتەوە ئەو شیعرە وەھا سەقەت دەکات پیاو بەزەیی بە شاعیرەکەیدا دێ کە ئەو غەدرە گەورەیەی لێدەکرێت و کەسێکی بێ موبالات و نادەروەست ئەو بەڵایە بەسەر جگەرگۆشەکەی دێنێ. شێعرەکە ئاوا دەست پێئەکات:

ئەو پەرچەم و ئەگریجە ھەموو دوژمنی دینە

ئەو زولف و ڕوخەت ئافەتی سەر ڕوویی زەمینە

............................

ئەشقت لە دڵم سابیتە نەک عاریزە قوربان

وەک توڕڕەیی شاھان کە لە سەر ڕوویی نگینە

کاک ھێمن حسێن زۆر نابەرپرسانە ـ کە ئەوەش بێ موتاڵایی و تێنەگەیشتن لە شێعر دەگەیێنێ ـ وەھا ئەو شێعرە خەوشدار دەکات مەگین ھەر خۆی بزانێ چۆن توانیویەتی بەو شێوەیە لێی حاڵی بێت؟! ئاوا دەڵێ:

ئەشقت لە دڵم سابیتە نەک عارزە قوربان

وەک دوڕڕەیی شاھان کە لە سەر لێوی نەجیمە

بەر لە ھەموو شتێک ئەگەر کاک ھێمن ڕێزەیەک خوێندەواریی لە بواری شێعردا بووبووایە دەبوو لانیکەم سەروا (قافیە) بناسێت. قافیەی ئەو شێعرە دینە و زەمینە و نگینە و... کەچی ئەو بەڕێزە دیکاتە نەجیمە؛ بەوەشەوە ناوەستێ و سووکایەتییەکی گەورەش بە یارەکەی خۆی دەکات کە ڕەنگە ناوی یارەکەی نەجیمە بێت و ویستبێتی تێکەڵ گۆرانییەکەی بکات. دووڕە ھەموو کەس دەزانێ بە ئاژەڵی دوو ڕەگەز دەگوترێ و زیاتریش بۆ سەگ لە کاری دەکەن کە ئاژەڵەکە لە ڕەگەزی سەگ و تاژی یان گورگ و سەگ بێت! نازانم کاک ھێمن چۆن دوڕڕەی شاھان یانی «سەگ ـ گورگ» دەبات لە سەر لێوی نەجیمی بەستەزمانی دادەنێت!!

گورانییە بەناوبانگەکەی برایم خەیات «ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا» کە جوانترین و خۆشترین گۆرانییە و ھیچ کەس ناتوانێ بەو سۆزە نەرم و لاوێنەرەی ئەو بیچڕێ، کاتێک تاھیر خەلیلی لاسایی دەکاتەوە زۆر ناشارەزایانە قافیە دەشێوێنیت و وەک ئەوە وایە جادە قیرتاوێکی ڕاست و ڕێکت لە بەر دەمدا بێت و بە ئانقەست لێی لادەی و بە جادە خاکییەکی پڕ کەندولەنددا تێپەڕی:

ئێمە پەروەردەی یەک خۆڵ و ئاوین

بۆ یەک مەبەست و بۆ یەک پێناوین

بێ ئەوەی بیر لە جوانکاری و قافیەی شێعرەکە بکاتەوە ئاوای لێدەکات:

ئێمە پەروەردەی یەک ئاو و خۆڵین

بۆ یەک مەبەست و بۆ یەک پێناوین

زاھیر جەلال شێعرێکی سەعید نەجاڕی «ئاسۆ»ی کردۆتە گۆرانی کە بەم شێوەیە دەست پێدەکات:

ھێند دڵم تەنگە دەڵێم بەم شەوە لەم شارە بڕۆم

لە وڵاتێ کە جەفا حاکم و سالارە بڕۆم

.........................................

بۆ دەبێ ھەستی ئەوین ژێر دەسی پارە و پلە بێ؟

شەرتە لەو شوێنە کە بولبول قەفەسی خارە بڕۆم

لەو شێعرەدا وشەی شارە و سالارە و دارە و ژارە و خارە و... کراونەتە سەروا و دیارە لە شێعری کلاسیکدا کێش و سەروا «وزن و قافیە» زۆر گرینگە و تێکدانی بە ھیچ شێوەیەک ناکرێ و گۆڕینی سەروا شێعرەکە خەوشدار دەکات. خار لەو شێعرەدا بە مانای دڕک و چقڵە کەچی کاک زاھیر بە ئارەزووی خۆی دەیگۆڕێ و وشەی «تەنگ»ی لە جێ دادەنێ:

 بۆ دەبێ ھەستی ئەوین ژێر دەسی پارە و پلە بێ؟

شەرتە لەو شوێنە کە بولبول قەفەسی تەنگە بڕۆم.

ئەوەیە کە دەڵێم گۆرانیبێژ دەبێ شێعر بناسێ؛ کاک زاھیر ئەگەر لە شێعر شارەزا بووایە ئەو غەدرەی لێ نەدەکرد؛ چونکە ئەگەر کەسێک دیوانی گەزیزەی ئاسۆی دەست نەکەوێت و بە دەنگی کاک زاھیر گوێی لێ بێ، ڕەنگە ئاسۆ بە ناشارەزای شێعر بزانێ و پێی وابێ قافیە ناناسێت؛ لەکاتێکدا ئاسۆ جگە لەوەی شاعیرێکی زۆر بەتوانایە، مامۆستای وێژە و ئەدەبی زانکۆشە.

شێعری «نووری شەم»ی عەباس کەمەندی، گورانیبێژ حەمید محەممەدیان دەیڵێ  و دانیشتووی شاری سنەیە؛ ئەو کاتەی ئەو شێعرەکەی کردە گۆرانی عەباس کەمەندی لە ژیاندا مابوو، کەچی ئەو بەڕێزە ئەوەندەی زەحمەت بە خۆی نەداوە بچێتە لای ئەو ھونەرمەندە گەورەیە و ئیزنی لێوەرگرێ و پرساریشی لێبکات و شێعرەکە بە بێ ھەڵە بڵێ. بە داخەوە کەناڵەکانیش نابەرپرسانە ئەو گۆرانییەیان بڵاوکردەوە. دیارە ئەو بەڕێزە زۆر گوێ ناداتە مانا و ناوەرۆکی شێعر و ڕەنگە بۆشی گرینگ نەبێ و نەشزانێ چ بەڵایەکی بەسەر ئەو شێعرە ھێناوە. «قابزی ڕۆحی پەپوولە» دەکاتە «حافزی ڕۆحی پەپوولە» و ناوی کلیپەکەشی ھەر ئەو ھەڵە زەقەیە و لەوێدا تەواو بە پێچەوانەی مانای شێعرەکەیە و تێکیداوە. قابز بە مانای ڕۆح کێش و مەرگ ھێنە (ئیزراییل) و حافز بە مانای پارێزەر و پارێزوانە و ھونەری شێعرەکەی شێواندووە و جوانییەکەی لێ داماڵیوە.

پێم دەڵێن فەرمووتە شێتم ئەی بەقوربان ئەو دەمە

باسی شێتیم تا قیامەت گەر بکەی ھێشتا کەمە

نەک ئەتۆ عالەم بزانێ شێت و سەرگەردانتم

شێتە گیان عاشق چ باکێکی لە لۆمەی عالەمە

................................................

وا مەفەرموو چاوەکانم کەس نییە ئاگای نەبێ

قابزی ڕۆحی پەپوولە نووری لەرزانی شەمە

گۆرانیبێژ دەبێ زۆر باش شێعر بناسێ و لە ڕاستیدا دەبێ شێعر ناسێکی لە زەبر بێ و ھەر شێعرێکی خوێندەوە لە بنج و بناوانی تێبگات.

بە داخەوە ئەو جۆرە ھەڵانە تەنیا تایبەتی گۆرانیی کوردییە و ئەوەش کەمتەرخەمی و نادەروەستیی گۆرانیبێژەکان دەردەخات. من ئەوەندەی گوێم لە گۆرانیی فارسی گرتووە چکۆڵەترین ھەڵەی لەو جۆرەم لە گۆرانییەکانیاندا نەدیوە، ھەتا ئەو ڕادەیەش لاسایی یەکتر ناکەنەوە. ئەوەش ھۆی ئەوەیە گۆرانیبێژەکانی ئەوان شێعر دەخوێننەوە و وەک گۆرانیبێژەکانی ئێمە خۆیان مات ناکەن تا کەسێک شێعرێک بکاتە گۆرانی و خێرا ئەوانیش گوێ لە گۆرانییەکە بگرن و بە ھەڵە لە بەری بکەن و بیڵێنەوە؛ دیارە لە ڕێگای گوێچکەوە بە جوانی لە وشەکان تێناگەن و بەو شێوەیە ھەڵەی تێدەکەوێت. ئەو پەتایەش بە داخەوە تەنیا لە نێو کۆرانێبێژەکانی ئێمەدا ھەیە و لاسایی کردنەوەش دیارە عەیبێکی گەورەیە، بەڵام بەداخەوە بەرۆکی گۆرانیی ئێمە بەرنادات.

بۆ وێنە ئەو گۆرانییەی "محەممەد ماملێ" کە شێعرەکەی ھی "سەید کامیل ئیمامی ئاوات"ە.

من دەڵێم شاری دڵم باخ و گوڵستانە کەچی

ئەقڵ ئەڵێ نا قەسەبەی شۆڕشی مەستانە نەچی

لەو شێعرەدا وشەی «قەسەبە» عەرەبییە و بە مانای شارۆچکەیە و چونکە محەممەد ماملێ کاتی خۆی بە دەست خەت بەدەستی کەوتووە و ڕەنگە شێوەی نووسینەکەی ھەڵە بووبێ، دەڵێ «قسەبە» و دەبوو ماملێ بیزانیبایە قسەبە لەو شوێنەدا ھیچ مانایەکی نییە؛ بە داخەوە گۆرانیبێژەکانی دیکەش کە لاسایی ماملێ دەکەنەوە ھەرکام بە پێی بیستن و سەلیقە و تێگەیشتنی خۆی شتێک دەڵێ. ئیتر ئەوەندەیان زەحمەت بە خۆیان نەداوە چاوێک لە دیوانەکەی ئاوات بکەن و ئەو ھەڵەیە ڕاست بکەنەوە. ڕەزازی دەڵێ «ناپەسەنە»، لانیکەم باشترە مانایەکی ھەیە، بەڵام ئەوانی تر دەڵێن «قەسەڵە»، «قەسەنە»، «قسەلە»... بێ ئەوەی ھیچ کامیان بزانن مانای ئەو وشەیە چییە و پرسیاریشیان لە کەسێک نەکردووە ئەو وشیە چییە و یانی چی؟

ھونەرمەندی ھێژا عەدنان کەریم شێعرێکی مستەفا بەگی کوردیی کردۆتە گورانی و بەڕاستی ئاوازێکی خۆش و پڕ بە پێستی بۆ داناوە بەڵام بەداخەوە بەیتی دووھەمی شێعرەکەی وەھا شێواندووە ئەگەر کەسێک لە دیوانەکەی کوردیدا نەیبینیبێ و نەزانێ شاعیرەکەی کێیە، ڕەنگە سەد جار بە شاعیرەکەی بڵێ دەستت شکێ بۆ شێعرێکی نووسیوتە.

سەدای سەمتوورە کەللەم گەرمە ئەمشەو

چریکەی بانگی دڵ بێ شەرمە ئەمشەو

بە ناخون کاری فەرھاد دێ لە دەستم

وەھا شاھۆ لە ناڵەم نەرمە ئەمشەو

بەڵام بەداخەوە کاک عەدنان ئەو بەیتە شێعرەی ئاوا لێکردووە:  

بە ناخون کاری فەرھادی لە دەستم

وەھا شاھۆ لە ناڵەم گەرمە ئەمشەو

کە جگە لە تێکدانی مانای شێعرەکە سەروای گەرمەی دیسان دووپات کردۆتەوە کە لە شێعری کلاسیکدا بە عەیب و لاوازی دێتە ئەژمار.

جگە لە ئاریشەی ھەڵە کردن، ھەروەک لە پێشدا باسم کرد بەداخەوە لاسایی کردنەوەی زۆر و پەیتا پەیتاش خەریکە ھونەری گۆرانی بە قوڕدا دەباتە خوارێ و وێرانی دەکات. بو وێنە ئەم شێعرەی نالی:

نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ

نەچم شەرت بێ ھەتا ئەم خوارە بێ تۆ

پێنج ـ شەش گۆرانیبێژ گوتوویانە. ھەر ئەمە نیشاندەری ئەوەیە گۆرانیبێژەکان لە خوێندنەوە و کتێب نامۆن، دەنا ھەر نالی چەند شێعری دیکەی لەسەر ئەو کێشە ھەیە و ئەگەر ھەر حەز دەکەن شێعری ئەو شاعیرە گەورەیەش بکەنە گۆرانی دەیانتوانی دیوانەکەی بەدەست بخەن و ئەو شێعرانەی دیکەی بکەنە گۆرانی. جگە لەوەی ھەموو شاعیرەکانی تر لەو کێشەدا دەیان شێعریان ھەیە.

یەکێکی تر لەو ئاریشانەی کە بەرۆکی گۆرانیی کوردیی گرتووە گۆڕین و شێواندنی ئەو قۆناخ و مێژووەیە کە گۆرانییەکەی تێدا گوتراوە. بۆ وێنە گۆرانیی «لانک لانک لانکۆڵێ» باسی قۆناخێکی تاڵی کۆمەڵگای کوردەواری دەکات کە لەودا کچ بە زۆر دراوە بە مێرد، گەورە بە چووکی پێکراوە، لە بەرخوێن دراوە، یان ژن بە ژنەی پێکراوە؛ یان کچە نابەدڵ و بە زۆرەملێ بە شوو دراوە؛ گۆرانییەکەش لە ڕاستیدا گۆرانییەکی ژنانەیە و دەردەدڵی ژنێکی بە مراد نەگەیشتوو بەیان دەکات کە لە خۆشەویستەکەی دابڕاوە و لە قەفەسی ژیانێکی نابەدڵدا دیل کراوە. بەڵام چونکە لە کۆندا گۆرانیبێژی ژنمان نەبووە ناعیلاج پیاو گوتوویەتی و لە قەدیمەوە سینگ بە سینگ ھاتووە. ژنە لەو گۆرانییەدا لایەلایە بۆ منداڵەکەی دەکات و لێی دەپاڕێتەوە بخەوێت و ئۆقرە بگرێت بۆ ئەوەی بتوانێ ھەتا ڕۆژ نەبۆتەوە و دنیا لە ژێر باڵی شەودایە بچێت بۆ ژوانی دڵدارەکەی. کەچی کاک بێژەن کامگار ھاتووە ئەو گۆرانییەی گۆڕیوە و پێی وایە ئەو گۆرانییە ناوەرۆکەکەی دێمۆدەیە (مبتذل) و وای لێکردووە ڕووی مەجلیسی ھەبێت، بەڵام گۆرانییەکەی نەک باشتر نەکردووە بەڵکوو سووکایەتییەکە بە پیاو زۆر زیاترە، چونکە لە گۆڕینەکەی ئەودا پیاوەی مێردی ئەو ژنە ھەر وەک ئەوەی پێشوو خەیانەتی پێدەکرێ و کڵاوێکی شەرعیشی لەسەر نراوە. چونکە مەحاڵە ژنێک مێردەکەی تا ئەو ڕادەیە خۆش بوێت و خەیانەتیشی پێبکات. گۆرانییەکە ئاوایە:

لانک لانک لانکۆڵێ لانک لە دار ھەنارێ

وەستا بێ لە تارانێ، لانکە دروست کا بۆ چاوجوانێ

دەڵێ لە لانکەیدا نانووم دەبا بۆی ساز کەین جۆلانێ

ئەی ڕۆڵە سەر دڵ خڕ بی، باب مردوو بی،

 شەو درەنگە بۆ جێژوانێ

ئەوە ڕۆژی ڕووناکە، ھەموو عالەم دەزانێ.

بەڵام کاک بێژەن ھاتووە ئاوای لێکردووە:

لانک لانک لانکۆڵێ لانک لە دار ھەنارێ

وەستا بێ لە تارانێ، لانکە دروست کا بۆ چاوجوانێ

دەڵێ لە لانکەیدا نانووم دەبا بۆی ساز کەین جۆلانێ

ئەی ڕۆڵە سەرکەوتوو بی، باب زیندوو بی،

شەو درەنگە بۆ جێژوانێ

ئەوە ڕۆژی ڕووناکە، ھەموو عالەم دەزانێ.

چونکە ئەگەر ژنە مێردەکەی خۆی خۆش بوێ و دۆعا بۆ سەرکەوتن و زیندوو بوونی بکات ھەوڵ نادا زوو منداڵەکەی بخەوێنێ و بچێت بۆ ژوانی دڵدارەکەی و خەیانەتی پێبکات و مێردەکەی بکاتە ... شەرعی!

من ویستم زیادتر ھەڵوەستە لە سەر ئەو گۆرانییانە بکەم کە شێعری شاعیرانن دەنا ئەگەر ئاوڕ لە ھەموو بوارەکان بدەینەوە و بە تایبەت بچینە نێو دنیای گۆرانیی ھەڵپەڕکێوە، بۆمان دەردەکەوێ چ درم و پەتایەک تووشی گۆرانیی ئەو بوارەش بووە و گۆرانیبێژانی نابەرپرس و نادەروەست چ بەڵایەکیان بەسەر ھێناوە. جا لە (کراسی سووری لە بەردایە کراس ڕەش)ەوە بگرە ھەتا (باڵاکەت بەرزە ئامان خڕێ گیان) یان ئارەق ئارەق ئارەقە، سنگی تەختی مەترەقە کە گۆرانییەکە لە ڕاستیدا تەختی مەفرەقە و ئەوان بە مەترەقی لێ حاڵین، مەترەق لە قامووسەکاندا بە مانای کوتکی ئاسنگەرییە، بەڵام خودا بکات گوێگری گۆرانییەکە ئەو شێعرەی شێخ ڕەزای نەخوێندبێتەوە کە دەڵێ:

شێخ ڕەزا پیر بووە ڕووی مەجلیسی یارانی نییە

تاقەتی کەشمەکەش و گەردشی شارانی نییە

دەس بە گۆچان دەگرێ ئێستە لەبەر زەعفی وجوود

مەترەقە سەر زلەکەی قووەتی جارانی نییە

ئەمە مشتێک لە خەڵوارە من بە نموونە ھێناومەتەوە و ئەو ھەموو ھەڵە و شێواندنەی دیکە بە قوربانی چاوی جوان و دڕک و پۆپەی سەریان بێت. گۆرانی بێژە میللی و ڕەسەنەکان ساڵانی زوو  نەخوێندەواریش بوون، لەو پەڕی خاکەڕایی و ھەست کردن بە بەرپرسیارێتی، بە تەپڵ و نایە، دەھۆڵ و ڕوڕنا، یان دمەک و دووزەلەیەکەوە حەوت شەو حەوت ڕۆژ خەڵکیان دەلاواندەوە بێ ئەوەی بە قەرای چڵە پووشێک شێعر و وشە بشێوێنن؛ ھونەری ھەرکامەشیان دەبێ تێز و نامەی ماستەری لە سەر بنووسرێت، چونکە بەوپەڕی دەروەستی و ھەستی بەرپرسیارەتییەوە خزمەتیان بە گۆرانی و ئەدەبی فۆلکلۆر کرد و گەشەیان پێدا و ھەتا ئەمڕۆیان ھێنا؛ بەڵام ئەمڕۆ کەوتۆتە بەر گەردەلوولی دڕ و ڕەق و ھەست ڕووشێنی ئۆرگ و چڕنووکی تیژی منداڵە ورتکەی نادەروەست، لووتبەرزانە خەریکن ئاداری بەسەر پادارییەوە ناھێڵن. لە لایەکیشەوە خودا بیانکات بە قوربانی کارەبا و ئەو دەنگە مێشک تەقێنەی ئۆرگ و ... دەنا خەڵکی لێیان حاڵی بووبان و بیانزانیبایە ئەو وشانەی ئەوان بەکاری دێنن چییە و چەندە پڕ سووکایەتییە  دەیانخستنە سەر عارەبانە و ھێلکەباران و شاربەدەریان دەکردن!

دەردەدڵ لەو بارەوە زۆرە بەڵام جارێ بەوەندە بەسەندە دەکەم و ۆیوادارم کەسانی دیکەش ھەست بە بەرپرسیرێتی بکەن و بە نووسین و بە ڕێنوێنیی بەرەوڕوو گۆرانیبێژە کەمتەرخەمەکان لە چەوتەڕێ ڕزگار بکەن و بیانھێننەوە سەر ڕاستڕێ. لە سەرەتادا باسی نامۆ بوونی گۆرانیبێژان لە خوێندنەوە و موتاڵاکردنم کرد و دڵنیام ئەم بابەتەش ناخوێننەوە بەڵام من دەینووسم و دەیخەمە بەر دەستی خوێنەران بەڵکوو ئەوان پێشیان پێبگرن و لەوە زیاتر نەھێڵن ھونەری گۆرانی ئەنفال بکرێت.

سەرچاوەی ناوەرۆک:

1ـ دیوانی شێخ ڕەزا تاڵەبانی، چاپی یەکەم، ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.

2ـ  «شاری دڵ»، دیوانی سەید کامیل ئیمامی، نشر ئانا: سنە 1392.

3ـ گەزیزە، کۆمەڵە شێعری سەعید نەجاڕی ئاسۆ، چاپی یەکەم، تەورێز: چاپخانەی شوعاع 1380 .

4ـ دیوانی مستەفا بەگی کوردی، چاپی یەکەم، بۆکان: 1378.

5ـ دیوانی ھێمن، پەخشانگای ئازادی سلێمانی: بەھاری 2708 کوردی.

6ـ دیوانی نالی، چاپی یەکەم، ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەییووبی، ورمێ: 1369.

7ـ ھەوارگەی ھەوار. عەباس کەمەندی. چاپی یەکەم، پەخشانگای زانستیی کۆلیج سنە: 1393.

سەرچاوەی وتار:  http://xebat.net/ku

تکایە نووسینەکە بە پاراستنی سەرچاوە بۆ ئەوانی دیکە بنێرە.www.rojne.net

ناردنی بۆچوون

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە