.

قەیرانی بەڕێوەبردنی قەیران

فۆنت

 

(نموونە: قەیرانی پاندمیای کۆڤید 19)

ئەم نووسینە بۆ سایتی پێنووس لە خانەی هزریی کوردستان نووسراوە http://penus.krd/index.php/ckb/

محەمەد کەریمخان

crisis of standing against crisisپوختە

قەیران ساتەدەمێکی ناسک و چارەنووسسازە، ڕووداوێکی پڕلێکەوتە کە پێویستە هەمیشە پێشبینی بکرێت چونکە خاڵی وەرچەرخانە بۆ باشتربوون یان خەرابتربوونی دۆخێک. زاڵبوون بەسەر قەیرانەکان و گۆڕینی باری هەڕەشە بۆ هەل پێویستی بە زانستی بەڕێوەبردنی هەمەڕەهەندییە. لە زۆر وڵاتی دواکەوتوودا زۆربەی زیانەکان بەهۆی نەزانینی بەڕێوەبردنە نەک گەندەڵی و پێپەست کردنی یاسا و قەیران. لە کاتی لاوازبوونی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران، ڕووداوە قەیراناوییەکان بەپێی ئاستی ڕیسک و تەوژمیان، دەتوانن گڵۆلەی سیستەمی سیاسی وڵات بخەنە لێژی. ئەم نووسینە سێرەی لە لاوازیی زانستی بەڕێوەبردنی قەیران لە وڵاتانی جیهانی سێیەم گرتووە و بە نیگایەک دۆخی قەیرانی ڕەهەندینەی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.

پێشەکی

قەیران (Crisis) ڕووداوێکە بە هۆی کارەسات و هۆکاری سروشتی یا ناسروشتی بە شێوەیەکی لەناکاو یا چاوەڕوانکراو وەدەر دەکەوەن و بە گۆڕانکاری لە ناو کەشی فیزیکی و کۆمەڵگەدا لێکەوتەی مرۆیی و ماددیی پێوەیە و ئۆرگانیسمی سیستەمێک تێک دەدەن؛ لەو کاتەدا نۆڕم و یاسا و ڕێساکان وەک دۆخی ئاسایی کارساز نین. لەو دەمەدا دامەزراوەکان ناچارن ئاستی توانای زانستیی خۆیان، کە لە ڕێگەی زانستی سیاسەت، بەڕێوەبردن و بەرنامەڕێژی دێتەدی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان بەرنە سەرتر. لە ڕووی سیاسییەوە سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکان و گۆڕینی باری هەڕەشە بۆ هەل، هونەر و زانستێکە کە متمانە و ڕەوایەتی سیاسی بە بەڕێوەبەرانی باڵا دەدات. بە گوتەی هێگڵ "ڕوحی دەوڵەت و نەتەوەکان لە ناو مەترسیگەی قەیرانەکاندا شکڵ دەگرێت. هزری زۆر لە بیرمەندانیش لە کاتی ناڕێکی و قەیرانەکاندا پشکوتووە؛ بۆ وێنە ئەفلاتوون (قەیرانی دادپەروەری)، ماکیاڤێلی (قەیرانی سەقامگیری)، تۆماس هۆبز (قەیرانی دەسەڵات)، جۆن لۆک (قەیرانی ڕەوایەتی)، ئەدمۆند برێد (قەیرانی شارستانییەت)، مارکس (قەیرانی سەرمایەداری)، ڕۆسۆ (قەیرانی ئەخلاقیات) و تیۆریسیەنەکانی هاوچەرخ هەریەکەی بە جۆرێک لە ناو مەیدانی قەیرانێکدا هزری خۆیان تاو داوە." (سوری، 1394: 89-139) لە بەرانبەردا نەزانینکاری و سەرشێوان، کە دەبێتە هۆی داماوبوونی ڕۆحی دەوڵەت و شکست و هەڵەکاری و فەوتانی وزە و تێچووی فرە، پرەستیژی بەرپرسانی باڵا دادەبەزێنێت و متمانە و ڕەوایەتی لە حکوومەت دەستێنێتەوە. لەبەر کزبوونی زانستی سیاسەت (Policy Making) و بەڕێوەبردن و هەروەها زاڵبوونی سیاسەتی بێهوودەی هەیەجانی (Thrill Policy) و ناژیرمەندانە سیاسەت تووشی بەستەڵەکی هیچستان دەبێت و زیان بەر کوالێتی حکومڕانیی باش (Good Governance) دەکەوێت، چوونکە بەشێک لە "پاڕامەترەکانی حکومڕانیی پەسند بەرپرسیارێتی، وەڵامگۆیی، کاریی و کاریگەرییه." (شریفزادگان، 1394: 34)

لەم ڕێگوزەرەدا، ڤایرۆسی کۆڕۆنا یەکێکە لەو قەیرانە ئیپیدۆمیکانەی کە جیهانی داگرت و کاریگەری بۆ سەر زۆر وار هەبوو و هێشتاش هەموو کاریگەرییەکانی نەناسراون. ئەو وڵاتانەی، وەک سەنگاپوور، کە پێشتر قەیرانی هاوشێوەی وەک نەخۆشی ساڕس و مێڕسیان تووش ببوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا بە ئەزموونتر و ئامادەتر بوون و کەمتر شڵەژان. شایانی ئاماژەیە لە نێوان وڵاتانی وەک ژاپۆن و کۆریا و چین وێڕای جیاوازی لە شێوازی بەڕێوەبردن گرینگی بە بەرنامەڕێژی دەدرا. ئەگەرچی وڵاتانی پەرەسەندوو بەهۆی ڕێژەی زۆری ساڵمەندانیان لە سەرەتادا ژمارەی قوربانیان، بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگەی گەنجی جیهانی سێیەم، زۆرتر بوو، بەڵام بە هۆی زانستی تاقیگەیی و زانستی مرۆیی، ئەوان زووتر لە قەیران دەرباز دەبن و تەنانەت ئەوان دەبنە هەناردەکەری ڤاکسێن بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم. بۆیە پێدەچێت لەبەر لاوازبوونی زانستی بەڕێوەبردن، پەتا ڤایرۆسییەکان لە پاندمییەکی جیهانییەوە ببنە ئیپیدۆمییەکی وڵاتانی پێشنەکەوتووی جیهانی سێیەم. لەم تەماشاگەیەوە، ئامانجی ئەم نووسینە تاوتوێی پرسی لاوازبوونی زانستی بەڕێوەبردنی قەیرانە لە وڵاتانی پێشنەکەوتوو. لەم داڵانەوە، پرسیاری کاکڵ ئەویە کە بۆچی زیان و گەفی قەیرانەکان لە وڵاتانی پێشنەکەوتوو پترە لەچاو وڵاتانی پەرەسەندوو؟ پێدەچێت وەڵامی سەرەکیی لاوازبوونی زانستی سیاسەت و بەڕێوەبردنی قەیران بێت. ئەم گریمانە سەرەتاییە، بە نیگای گەوهەرینی تیۆرگەلی بەڕێوەبردنی قەیران و نیونیگایەک بۆ پاڕادایمی حوکمرانی باش و میتۆدی ئانالیزی وەسفی و خوێندنەوەیەکی بابەتیانە و داهاتووبینانە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، نووسینەکە کاناڵیزە دەکات.

.... بۆ درێژەی بابەتەکە کرتە لە سەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-12-28/item/1831-19

سەرچاوە: خانەی هزریی کوردستان- سایتی پێنووس

ئەگەر بابەتەکەت پەسەند دەکەی بە پاراستنی سەرچاوە هاوبەشی بکە www.rojne.net

 ناردنی بۆچوون

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە