.

نرخی فەرهەنگ

فۆنت

 

مامۆستا هەژار موکریانی

689 وشە، ماوەی خوێندنەوە 10 خولەک

Culture Value1زۆر لە ڕۆژ ئاشکراترە پێناسی گەلان لە جیهان، درۆشمی نەتەوایەتی، ئامیانی ڕەگەزایەتی زمانە و بەس. گەلێک چەلان زۆر لە گەلانی سەربەخۆی سەرزەمینێ، کە ژێر کەوتوون و زمانی داگیرکەر فێر بوون و زوانی نەتەوەیی خۆیان لە دەست داوە، لەناو گەلی داگیرکەردا - کە زوانی خۆی بەزۆر بەسەردا سەپاندوون - تواونەتەوە و هەستی نەتەوەیی خۆیان تەواو لەبیر بردۆتەوە. پێشی ناوێ دانە دانە بەڵگە و نموونە نیشاندەم؛ هەرکەس تارێخان وەخوێنێ، لە هەزار جێ توشی نمونەی زۆر زەق دێت. هەر لە دەوروبەری خۆمان وادەبینین: فینیقی سووریە و لوبنان، قیبتی میسر، ڕەش و برشەکانی سودان و زۆر ڕەشی تری ئەفریقا گەلی بەڕبەڕ لە جەزایر و مەراکێش، ئێرانیەکیانی مەداین، جگە لە هەزار هەزار هۆز و تیرە و ماڵەکوردی پەرژ و بڵاو کە زوانیان بوەتە عارەوی و زوانی خۆیان لە دەس داوە و ئەوە هیچ کە بوونە عەرەب، دەکرێ بێژین لە عارەویش عارەبترن. ئەگەر گەلناس و زانایان لایان وایە تاریخ بۆ داری کەونارای گەلایەتی هەموو گەلان وەک شاڕەگەو هەر کۆمەڵێک لە نەژادێکی سەربەخۆ، تاریخی نووسراوی نەبێ، وەک شاڕەگی داری ژینی لەسەر تات‌ و رەقەن ڕوابێ و ئاوی نەبێ شنینەوەی هەر سەرێکەو و تاسەر بە پێوە ناوەستێ و هەروا دێت و بەربەوشکەڵی و گەندەڵی و کرمۆڵی و تێکشکان دەچێ، هەر ئەو گەلناسانەش ئێژن: گەڵا و پەلک و لک‌وپۆپ و چڵ‌وگوڵی ئەو داری بەڵگەی نەژادە، زمانە خۆماڵیەکەیە. وەچ و بەرەی هەر نەژادێک زمانی خۆی پارازتبێ و بە دەوروبەریا هاتبێ، نیشانەی تەڕ و تێراوی ڕەگ‌وبنچی داری مانی وەک نەتەوەیەکی زیندوو نیشانداوە و دیارە ئەو گەلە هەر ماوە و هەر دەشمێنێ و بەخۆدا دێ و لک‌وپۆپ پتر دەردەکا و ڕەشەبا و کڕێوە و باگەڕ، ناتوانێ لەبنی بهێنێ.

بەڵام ئەگەر زوبانەکەی زەبوون بووە و بەرەو کزی و سیسی دەچێ، خویا دەکا ڕەگەزی ڕەگەزایەتی ئەو گەلە لە وشک‌بووندا و، هەر بایەکی تۆزێک بەهێزی لێ هەڵکات، قرچە دەکا و بەلادا دێ و دەشکێندرێ و دەکرێتە ئێزنگ تەندوور و دەبنە خۆڵەکەوەی بەربا. گەلی خاوەن تاریخ و زمان پارێزراو، ئەگەر تووشی تووشیش ببێ و نەخۆشیش کەوێ و بکەوێ، بەهیچ ئاوا مەرگ تخونی ناکەوێ و تینێک بە یەکجاری ناتوێتەوە و لە هەل و دەرفەتێ دیسان سەرلەجێ هەڵدێنێتەوە و ژنو بەخۆدا دێتەوە. گەلی عارەب پێنسەد ساڵی لە ژێر ترکاندا دەناڵێ؛ بەڵام هەر سێبەری شوومی کوندەبوی داگیرکەرانی لەسەر ڕەوی، چونکە تاریخ و زمانی پارێزرابوو، وەک لێی نەقەومابێ وابوو. تەنانەت دەتوانین بێژێن ئەمڕۆ سەدقات لە داگیرکەرەکەی دوێکەی بەهێزترە. جا ئێستاکێ کە عەرەبمان بە نموونەی وێژە و مێژووی پارازتووی لەبنەنەهاتوو هێنایەوە، با لەمەڕ زوانەکەشیەوە تۆزێ بدوێین.

- ئەگەر ئەزانین و ئێژین زوانی عەرەو زۆر پتەوە و زۆر پان‌وپۆڕ و زەنگینە و بۆ هەر شتێ چەند ناوی سەربەخۆی هەیە و هەرگیز بۆ کەرەستەی نووسین بەڕەوانی لەسەر پەکی ناکەوێ، لە چیڕایە؟

لەپاش پەیابوونی قورعان، لە هەر دەور و زەمانێکا، چەندین زانای زمان‌پاراوی عەرەب دۆست، کاڵا و پاڵا و زەنگاڵیان لێ داپێچاوە وەڕێکەوتوون و وێکەوتوون؛ هیچ مەڵبەند و ناوچەیان ناپارازتووە. سەریان لە هەموو باژێر و دێهات و ڕوتەن و لێڕ و گۆڕ و کێف و کەژ و ملە و کەل و زورگەن و هۆز و شکێر و شکفت و ئاوێژە و بەژی وڵاتی عارەبان داوە. شار بە شار و تاخ و بەتاخ و گوند بە گوند و هۆبە بە هۆبە گەڕاون. چینەکانی شاری و مەلا، گوندی و فەلا، ڕەوەند، ڕێوان، خۆی‌ماڵ، مێوان، چۆڵپەرست و شوانەوێڵە و مناڵ و مەزنیان دواندووە. چەنەچەن و شەڕە جنێویان دەگەڵ پیاوەپیرەکان و پیرەکەکانیان کردووە. گوێیان لە چیڕۆکڤانان و بەیت و بالۆرەزانان و گاڵتەبێژی خۆشدەم و ڕاوێژ گرتووە. هەرچی لە دەمیان دەرچووە، لە هەوا قۆزتوویانەسەو، لەوگش پەرێزە بەڕێزەی بەرێژەوەی هەمە تۆمە و هەمە تامەی لە ڕواڵەتا لێکتر جودا و لە ناوەڕۆکدا یەک واتا، وەک هۆشەچین، وشەچین بوون. سەوە و جۆرک و خورج و تێر و هەگبە و توربێن و کۆڵوانە و بەر و باوەش و بەریەک و کۆش و شاکەلیان لێ هەڵاخنیوە. بەنیخەنیخ کێشاویانەتە جێ خەرمان؛ وەک خۆیانێک لەسەر یەکیان هەڵچنیوە و بەدانستە کوتاویانە، بەشان و کەویان کردوە. بەرباو و گێژەویان کردوە، بە بێ ئەوەی بەهیچ ئاوا ناوی هۆز و تیرەکانی خاوەنی شێوەزمانی تایبەتی بەخۆیان ببڕێ، بەتێکڕایی بەناوی زوانی عارەب لە سەر قاقەز نووسیویانە و ڕێزکراوە، دە بەرگەپەڕاو گیراوە و هەڵگیراوە. بەرەوبەرە و چین لەدوو چین پەرەیان بەم کارە داوە. جار دەگەڵ جار و ساڵ بە ساڵ وشەگەل تازەداهاتووی یان لەبیر چووی سەرخراوە. وا ئێستا بویتە ئەلمنجد کە هەر دەبێ بچیە سەیر و تەماشایە. دەڵێی بووکی تاقانەی دەوڵەمەندانە و بە خشڵ زەمبەر خەمڵاوە... .

سەرچاوە: هەنبانە بۆرینە، مامۆستا هەژار @farhangibalnda

ئەگەر بابەتەکە پەسند دەکەی بە پاراستنی سەرچاوە هاوبەشی بکە www.rojne.net

ناردنی بۆچوون

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە