وەسفێکی ئەدیبانەی کوێستانی گەدە
بە قەڵەمی مامۆستا ئەحمەدی قازی
1150 وشەیە، 15 خولەک کاتی بۆ دابنێ
...گەدە چ گەدە! بەهەشتێکی سەر سەوزی خەمڵاو، وڵاتێکی رەزاسووک و دڵبزوێن، هەوراز و نشێو، بەڵام نەرمان و بژوێن و دەوڵەمەند. دەرە و دۆڵ و تەپە و ماهوور و چیای سەرکەش. تا چاو هەتەر دەکا سەوزایی و دیمەنی دڵبزوێن. خۆم وەک شازادەکەی یەکێک لە داستانەکانی حەوت پەیکەری نیزامی دەهاتە بەرچاو کە دە سەوەتەیەکدا هەڵیانکێشا دنیایەکی پەریانەی پڕگوڵ و ریحانە و باغ و کانیاو. پاش چەند رۆژێکیش حۆری لێی داوەرووکان و بەهەشتی بۆ وەدیهات! لێرەدا سەوەتەکەی من لەندوێرەکە بوو، گوڵوگوڵزاریش کە باسی ناکرێ. منداڵەکانیش لە دەوروبەرم بەو جوانی و شادمانی مەعسوومانەی مناڵانەیانەوە کەمتر لە حۆری نەبوون.
لێرەدا با بزانین گەده بە کوێ دەڵێن و لەباری جوغرافیایییەوە دەکەوێتە چ ئاقارێک. دەتوانین بڵێین گەدە مەڵبەندێکی چوار گۆشەیە کە کەوتۆتە قوولایی نێوان پیرانشار و مەهاباد و سەردەشت و نەغەدە. لە لای باکوورەوە بە ریزە کێوەکانی «سپی سەنگ و «کەلی ئەحمەد پەریخان» و «لۆمۆنج» و «لەندی شێخان» لە ناوچەی مەهاباد جیا دەبێتەوە و لە باشوورەوە رشتە کێوی سەرتێز دەبێتە سنووری سروشتی نێوان گەدە و نەڵێن. لە رۆژاواوە دەگاتە میشەدێی سەرێ و میشەدێی خواروو. لە رۆژ هەڵاتیشەوە دەگەڵ گاگەش و ئافان هاوسنوورە. لە گەدەدا نزیکەی دە گوندی چکۆلە چکۆلە هەن. کە هەندێکیان تاقە ماڵەن! تەمەنی هیچ کام لەو گوندانە ناگاتە 80 ساڵ. جێگەی داخە کە تەقینەوەی هەزارە زیلەی جەماوەری ئینسانی، شەپۆلی گەیوەتە ئەم بەهەشتەش و گومانی تێدا نییە کە تووشی وێرانی و رووداوی دڵتەزێنی سروشتی دەکا. ئەم گوندانە بریتین لە ئۆغەن، سێوی گەدە، قۆیتەڵ، گردی مرادبەگی، کانیکلێ، یاقوش، کانیکیسەل، کانی خەلیل، کانی نۆبەتێیان. سەرجەمی ئەم گوندانە لە سەت ماڵ تێناپەڕن و ژماری دانیشتووانیان ناگاتە هەزار کەس. لەسەر یەک بەشێکن لە ناوچەی مەنگوڕ.
زستانی گەدە سەخت و دوور و درێژە و بارینی بەفر لە کۆتایی دووهەم مانگی پاییزەوە، جاری وایە زووتر، دەست پێدەکا و تا دوومانگ لە بەهار خۆشی ناکاتەوە. ساڵ نییە رنوو نەیە و ماڵ وەبن نەدا و ئینسان و ئاژەڵ نە کوژێ. دەبێ ئەو دێهاتەی لەوێ قوت بوونەوە، لە دووهەم مانگی پاییزدا ئازووقە و کەلوپەل و پێداویستی، لانی کەم پێنج مانگ دابخەن. ئەگەر لەم ماوەیەشدا یەکێک نەخۆش بکەوێ دەبێ بە دارەمەیت و بە کۆڵ لەو ئاسمانەرا دایبەزێننە خوارەوە و بیگەیەننە پیرانشار یا مەهاباد. رەسووەشین پیری بە تەمەنی دانیشتووی ئۆغەن دەیگوت، زستانان لە هاوینان زۆر ماندووترین. دەگەڵ بان ماڵین و دەرک و حەوش و رێگاوبان لە بەفر خاوێن کردنەوه پساوین. هەر ئێمە دەماڵین و ئەو پڕی دەکاتەوە. ئێرە بە زستان لە جەهەندەمیش ناخۆشترە. زمهەریرە، چاو لە جوانی ئێستای مەکە!
لە گەدەدا بە هاوین چهند هەزار سەر مەڕ و کاوڕ دەلەوەڕێن. لە قەدیمەوە هەوارگەی خێڵ و عێلاتی مەڵبەندی موکریان بووە. ئەوەی کە بە روونی هەستی پێدەکرێ ئەوەیە کە ئەم پارچە کوێستانە توانایی تێرکردنی ئەو هەموو ئاژەڵەی نییە و خەریکە دەکڕووسێندرێتەوە و وێران دەبێ. هەرچەند ئێستاش بەهەشتێکە، بەڵام ئەگەر چاوەدێری نەکرێ ئەویش وێران دەبێ و تووشی ئەو چارەنووسە دەبێ کە مەڵبەندەکانی دیکە تووشی هاتوون. زۆربەی چیا و داوێن و ملە و قەدپاڵەکان وەسەر گوێنی و کیفار و تیسوێ گەڕاون و گیای نەرم و نەجیب زۆر کەم بۆتەوە. نێو دۆڵەکان و قەراغ چۆماوەکان کە زۆربەیان گیا دروون و پاوانن هەر وەک جاران، سەرسەوز و گیادار و زەنوێرن. لەبەر گوڵ و گیای بۆنخۆش، ئینسان مەست دەبێ. یەکێک له گهورهترین بهرههمەکانی ئهم ههرێمه ههنگوینه که له ساڵدا له سهدان تۆن تێدهپهڕێ. روو له ههر شیوو دۆڵێک دهکهی ههزاران کهندووی مێش ههنگوین له پاڵ یەکدا چندراوه که له دوورهوه دهڵێی شارۆچکهی چکۆلهن. بهو ههموو مهڕوبزن و مێش ههنگوینهوه جێی خویهتی به گهده بێژێن:«وڵاتی پهنیر و ههنگوین».
ئێمه لهم ماوهیهدا له ئۆغهن بووین و چهند شهوێک له ژێر تاوڵ و رهشماڵی عێلیدا ژیانمان بردهسهر. شهوگاری سارد بوو، دهبوایه به لێفهولیباسی گهرمهوه بخهوین. تاوڵهکان له پاناوکی دۆڵێکدا ههڵیاندابوو که پێیان دهگوت، خاڵەگهرزه. ئهولاتر کوێستانی گردبیزا بوو. دهوروبهرمان ههمووی کانیاوی سارد بوون و ههریەکهش ناوێکی تایبهتی به سهرهوه بوو: کانی سپی، کانیخیز خهنجهر، کانی نهدافان، کانی سنجانێ، ئاوی مامتیکنی. له پشت گوندی ئۆغهن کێوێکه به رهوهزه بهردی سپییەوه که پێی دهڵین. سپیلکی فهتاحی. له پشت ئهو کێوه لووتکەیەک هەڵتەزیوەتەوە. پێی دەڵێن کوڕە قەلەندەر. بەردە کەشک لە خوارترەوەیە. ناوەکەی پڕ بە پێستە. بەردەکانی هەر دەڵێی کەشکن؛ بەڵام کەشکی گەورە. لە کۆتایی دۆڵی ئۆغەندا بەردێکی زۆر گەورە هەیە هەر دەڵێی مەنجەڵە و پێی دەڵێن بەرد مەنجەڵ.
ئەوەی کە سەرنج رادەکێشێ جوانی و ساکاری ناوی چیا و دۆڵ و دەرەوکانیاو و دیاردە سروشتییەکانی ئەو مەڵبەندەیە. تۆ بڕوانە ئەم ناوانە: سپیسەنگ، کەلی ئەحمە پەریخان، لۆمۆنج، خیزخەنجەر، بەری مێرگان کە چەندە جوان و بێ گرێوگۆڵ داڕژاون. چەند جوان مانا و ناوەڕۆک بە دەستەوە دەدەن. «سپێلکی فەتاحی» کێوێکە لە پشت ماڵی ئۆغەن، بەرەوەز و بەردی سپییەوە. فەتاح نێوێک لەوێ شەڕێکی پیاوانەی کردووە. ئەو خەڵکەش بێ نەقە نەق و خۆبادان ناویان ناوە سپیلکی فەتاحی. ئەگەر ئەم ناو دانانەت دابا دەست قەڵەم بەدەستی ئەوڕۆی کورد، لەوانەبوو ناوی کێوەکە بنێ «ئەو بەردەڵانە سپی رەنگەی فەتاح شەڕی تێدا کرد» یا «رەوزەسپییەکەی شەڕگەی فەتاحی»! بەڵام ئەم خەڵکە رەسەن و نەگۆڕاوە کە خاوەنی زبانی خۆیانن، سەر هەڵدەبڕن و دەڵێن سپیلکی فەتاحی. «کانیخیزخەنجەر» خیزێکی وردی تیژی تێدایە، ڕەنگە یەکێک دەستی دەو خیزە تیژانە وەردابێ و بریندار بووبێ. خەڵکەکەش یا هەر بریندارەکە، ناویان نابێ کانیخیزخەنجەر. ئەگەر خوای نەخواستە خوێندەواری ئەمڕۆی کورد ئەم ناوەی دانابا، دەپێشدا بە فارسی یا عەرەبی یا تورکی رێکەوەندێکی دەزەینی خۆیدا دادەڕشت و پاشان وەریدەگێڕا سەر کوردی و شتێک دەهاتە دەر وەک: «کانییەکەی خیزەکانی وەکوو خەنجەرە تیژەکان دەستەکان دەبڕن»! یا شتێکی دیکەی ئەوها بەدەیان «کان» و «کە»ی دیکەوە!
لە گەدەدا مێژوو نەخشێکی نییە. رەنگە جاروبار شەڕێکی عەشیرەتی، وەک رەهێڵەیەک بێرەدا تێپەڕیبێ، بەڵام وێناچێ شەڕ و رووداوی گەورە ئەو مەڵبەندەی گرتبێتەوە. لێرەدا شتێک کە بۆنی مێژووی کۆنی لێ بێ وەبەرچاو ناکەوێ، نە شار، نە گوندی گەورە، نە بەردی تاشراوی نووسراو، نەقەبرێکی پیرۆز! شارستانەتی تا ئێستا نەیتوانیوە ئێرە بە چۆکدابێنێ. خێل و کۆچ و کۆچباری عێلاتیش شتێکی کاتی بووە و تەنیا لەوەڕ و ماڵات بەخێو کردن مەبەست بووە و ئەم هەڵسووڕانە ئابوورییە شوێنەوارێکی ئەوتۆی لە پاش خۆی بەجێ نەهێشتووە. لێرە هەرچی هەیە سروشتە، میعماری و ئاڵوگۆڕپێدان و شکاندن و تاشین و دابڕین و راگوێزتن هەمووی بە دەست سروشت جێبەجێ کراوە. دەشزانین کە سروشت لە هەموو کارێکدا لە ئینسان، کە خۆی دەستکردی سروشتە، وەستاتر و هونەرمەندترە. گەورەترین هونەرمەندانی کۆمەڵگای ئینسانی ئەوانە بوون کە توانیویانە بە رادەیەکی زۆرتر لە سروشت نزیک ببنەوە، جا لێرەدا کە هەموو ئەرکەکان بە دەست سروشتەوە. هەموو دیاردەیەک، چ شیو چ دۆڵ، چ لاپاڵ و گەوە و ملە و دەشت و پاناوک و زنە و چاوە و هەڵدێر و تاڤگە، چ پاناوک و بەربێلایی و گیادروو، چ چیمەن و چێمک و کۆدە و شیتر و لوتکە و دوند، هەر یەکە بۆ خۆی شاکارێکە لە جوانی کە هونەرمەندی سروشت بە ملیۆنەها ساڵ خوڵقاندوونی و گەڕیدەی جوانی ناس دڵی نایە هەروا بە ئاسانی بە قەراخیاندا تێپەڕێ. لە زۆرجێ پێت بە عەرزەوە رەق دەبێ. دەبێ راوەستی. ناتوانی ببزووی. جوانی وەک دەریایەک دەخۆیدا نوقمت دەکا. تێکەڵاوێک لە زەوی و ئاسمان و ئاسۆ، یا شان و لاپاڵێکی خەمڵاوی «بە دەستی بابە گوڵچناو»، نزەت پێ لە کامێرایەک دێنێ و دیمەنێک لە چوارچێوەی وێنەیەکدا سەردەبڕێ و جووڵەی لێ دەبڕێ. شەتاوی نوور و رەنگ و جوانی دەخەینە حەوزی وێنەیەکەوە، بەڵام هەیهات!...
لەو سەفەرەدا فێری دوو واژە و تەرکیبی تازە بووم یەکیان «ئاوشینگ» بوو کە بە مەڕی بەرخ مردوو یا بەرخ خوراو دەڵێن شیری کەم تێدایە. ئەوی دیکە واژەی «گڕگ» بوو کە بە بەردێکی بڕێک قووڵ و ساف دەڵێن کە بە بەردێکی خڕ خوێی تێدا دەهاڕن.
سەرچاوە: قازی، ئەحمەد، دەگەڵ تێپەڕبوونی وەمان، سۆران: ئەحمەدێ خانی، ل 442-437.
ئەگەر پەسنی بابەتەکە دەکەی بە پاراستنی سەرچاوە هاوبەشی بکە. www.rojnr.net
ناردنی بۆچوون