.

شارستانییەت ناکڕدرێت

فۆنت

 

وەرگێڕان: کاروان کەریمخان

659 وشەیە، 10 خولەک کاتی دەوێت

civilizationپێشتر ئەوەتان بیستووە کە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆ خستنەڕووی دەسەڵاتی تەکنەلۆژیی خۆی سیمێکی نازکی بە باریکایی یەک لە سەر هەزاری داوەمووی مرۆڤ دروست کردووە و بۆ کۆمپانیای ڕکابەری خۆی لە ژاپۆن ناردووە. دوای ماوەیەک کۆمپانیای ژاپۆنی هەمان ئەو سیمەی بۆ ئەوان ناردۆتەوە کە بە مەودای یەکسان سیمەکەی کون کردووە و سێ سیمی باریکتری بە ناو کونەکاندا خزاندووە!

سەیرە، وانییە؟!!!

بەڵام ئەوانەی پێیان وایە کە شکۆی شارستانییەتی ژاپۆن لە هێزی تەکنەلۆژیای ئەوانەوە سەرچاوەی گرتووە، تووشی سادەبیری و ساویلکەبینی بوونە. چوونکە شارستانییەت تاکە کاڵایەکە کە ئاڵوێری پێناکرێت و تەنیا دەبێ لە ناو دەروونی نەتەوەیەک بێتە بەرهەم. ئەگەر وابا ئەوا هەموو نەتەوەکان بە کڕینی تەکنەلۆژیا شارستانیی دەبوون. سەیری ڕەفتاری هەندێک هاووڵاتی خۆمان بکەن کە سواری مۆدێلەترین ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی پڕتەکنەلۆژیا بوونە. هێزی سەرسوڕهێنەری چاوبادامییەکانی ژاپۆن، وێڕای شکۆکەی، تەنیا بەشێکی بچووکە لەو شارستانییەتەی کە ئەوان ئافراندوویانە.

بنەمای ئەو شارستانییەتە پتر لە ناو کاولە دڵهەژێنەکانی ئەیالەتی فۆکۆشیما دەدیترێت نەک لە ناو کارخانە گەورەکانی ئەیالەتی ئۆزاکا. کاتێک ڕەفتاری شارستانییانەی ئەو ئاوارانەی کە لە وەیشوومەترین زەویلەرزەی سەدە دەبینین کە بە ڕێک و پێکی بۆ وەرگرتنی ئاو بە بێ هەرا و کێشەکێش و جنێودان بۆ وەرگرتنی خواردنەوەی ئاو، بە ئەندازەی یەک ڕۆژیان، ڕیزیان بەستووە و بەراوردی دەکەین لەگەڵ ڕەفتاری خەڵکی وڵاتێکی جیهانی سێیەم، لە هەلومەرجێکی زۆر ئاساییدا، واتای شارستانییەت دەردەکەوێت.

لە ناو هەموو ئەو فیلم و وێنە هەواڵییانەی کە ڕۆژانی دوای زەویلەرە و سۆنامییە وێرانکەرەکەی ژاپۆن بڵاو دەبوونەوە یەک ڕووداوی کێشە، جەنجاڵ، تاڵانی فرۆشگا، چاوبرسێتی بۆ وەرگرتنی یارمەتی، بێ نەزمی و تەنانەت هاوار و هەرا نەبیندرا.

یەکێک لە هەواڵنێران کورتەی بینراوەی پەیامنێرانی خۆی ئەوا دەگواستەوە:

1- ڕیزی ڕێک و پێکی ئاو و خۆراک بە بێ هیچ قسەیەکی خەراب یان ڕەفتارێکی گرژ. (بەڕێوەبردنی ڕەوشت)

2- هیچ بینایەک لە زەویلەرزەی 9 ڕیشتەری تێک نەچوو، گشت زیانەکان پەیوەندیان بە سۆنامی و هاتنی دەریا بۆ ناو شارەوە بوو. (بەڕێوەبردنی پێشگیری)

3- تاڵان نەبیندرا. ڕێگری و ڕفاندن نەبیندرا. تەنیا لێکتێگەیشتن هەبوو. (بەڕێوەبردنی نەزم)

4- پەنجا کەس لە کرێکارانی وزەگەی نەوەوی، سەرەڕای دزەی ماددەی ڕادیۆئەکتیڤ، گیان لەسەر دەستانە مانەوە بۆ ئەوەی لە فێنک کردنەوەی دەزگاکان بەردەوام بن. (بەڕێوەبردنی قەیران)

5- تەنانەت یەک حاڵەتی تازیەباری بە ڕۆڕۆ و لەخۆدان نەبیندرا. درکانی خەم بە ئارامی بوو. (بەڕێوەبردنی ڕەوانپزیشکی)

6- خەڵک تەنیا پێداویستی خۆیان دابین دەکرد و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە نان و ئاو وەبەر هەمووان بکەوێت. (بەڕێوەبردنی تەدارەکات)

7- خەڵکی دەستی کەسانی بێ توانا و پیر و نەخۆشیان دەگرت. خواردنگەکان نرخەکانیان داکشاند. بانکە ئەلیکترۆنییەکانی سەرشەقام دەستکاری نەکران. (بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی)

8- هەمووان بە وردی دەیانزانی چی بکەن. دەتگوت جاری دووەمە ئەو ڕووداوە ڕوو دەدات. (بەڕێوەبردنی مانۆڕە ئۆپەراسیۆنییەکان)

9- میدیاکان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ ورد و بە پارێز بوون. خۆیان لە هەواڵی هەوکەر لادەدا و تەنیا هەواڵی ئارامبەخشیان بڵاو دەکردەوە. (بەڕێوەبردنی پەیوەندی و گەیێنەری)

10- کاتێک لە فرۆشگایەک کارەبا دەپچڕا، خەڵک کاڵا و شتەکانیان لە سەر جێی خۆی دادەناوە و بە ئەسپایی دەچوونە دەرێ. (بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی)

ئەمە هەمان ئەو شارستانییەتەیە کە باقی بەرهەم و کاڵاکانی شارستانییەتی لە سەر هەڵچنراوە. سۆنی و پاناسۆنیک و هیتاچی و تۆیۆتا و هۆندا و نیسان مۆتۆرز لە سەر ئەم شارستانییەتە بینا نراون. ئاوەها فەرهەنگ و ئەم جۆرە ڕەفتارە شارستانییەیە کە بۆتە هۆی گەشە و پەرە لە هەموو ڕەهەند و وارەکان. دەبێ ژێربەنای نایابی ژیاری وڵاتێک لە کاتی قەیرانەکان ببیندرێت.

جیاوازیی زۆرە لە نێوان خەڵکانێک کە لە دوای شەڕی وێرانکەری جیهانی و تەقینەوەی دوو بۆمبی نەوەوی لە وڵاتەکەیان، کرێکارانیان لە گشت جیهان وشکەنان دەخۆن و هەر یەکەیان «نەریت»یان دەکەنە ‏«یەن» تا وڵاتی خۆیان پێ دروست بکەن، لەگەڵ ئەو چینەی وڵاتانی جیهانی سێیەم کە لە پڕێک بۆنەتە کوڕێک و هەر یەکەی دراوی خۆی دەکاتە دۆلار تاکوو لە جیهانی ڕۆژئاوا سەرمایەگوزاری بکات.

دۆستێک دەیگێڕایەوە: چەند ساڵ پێش لەگەڵ چەند برادەرێک بۆ کارکردن چووینە ژاپۆن و چەند دیوێکمان بە کرێ گرتبوو. ژوورەکان گاڵە نەدەدران. هەرچەندی بە خاوەنەکەمان دەگوت بۆچی ئەم ژوورانە قفڵ و کلیلی نییە، هەر دەیگوت بۆچی نیگەرانن؟ ئێرە ئەهوەنە! کەس کاری بە ئێوە نییە. دواجار بە شەرمەوە تێمان گەیاند کە لە ئێوە نیگەران نین بەڵکوو لە خۆمان نیگەرانین!

بەهەرحاڵ، شارستانییەت ناکڕدرێت و بە دروشم و دەستوور بە دەست نایێت. شارستانییەت بەرێکە کە دەبێ لە ناو پڕۆسەی عەقڵانییەت، بەڵێنداری، هۆشمەندی و بەوپەڕی ڕێک و پێکی بەرهەم بێت. بەستێنی بەرهەمهێنانی شارستانییەت، نە زانکۆیە و نە کارخانە و وەزارەتخانە و دەوڵەتە، بەڵکوو خانەوادە و فێرکاری و پەروەردەیە... .

سەرچاوە: https://amin91.blog.ir

ئەگەر بابەتەکەت بەدڵە بە پاراستنی سەرچاوە هاوبەشی بکە www.rojne.net

 ناردنی بۆچوون

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە