محەمەد کەریمخان
ئەم وتارە بۆ خانەی هزریی کوردستان نووسراوە و لە سایتی پێنووس بڵاو کراوەتەوە. http://penus.krd/index.php/ckb/
کورتە
ئەم نووسینە لە دەوری دوو بابەتی كهلتوور و پەرەسەندن دەسووڕێتەوە و دەیەوێ وێڕای سەلماندنی پەیوەندیی نێوانیان، کاریگەری و گرینگیی سیاسەتی كهلتووری لە واری پەرهسەندنی بهردهوام (Sustainable development) بخاتە ڕوو و وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە: بۆچی وێڕای تەقەڵڵای گەشەی سیاسی و ئابووری، لە وڵاتگەلێکی جیهانی سێیەم ڕەوتی پەرەسەندن ناپایەدار و نابهردهوامە؟ بەپێی دەرکەوتەکان لاوازیی سیاسەتی كهلتووری، هۆکارێکی سەرەکیی ئەم ناپایەداری و نابهردهوامییهیه. بۆیە پێویستە كهلتووری پەیڕەو و كهلتووری پێشڕەو پتر بناسرێن و حکوومەت بە سیاسەتی بژاردن لەناو تۆڕی گڵۆبالیزەی جیهاندا ڕێڕەوی كهلتووری هاوتا لەگەڵ ناسنامهی سیاسیی خۆی، بە ئامانجی پێشکەوتنی حکوومەت و کۆمەڵگە و گەیشتن بە پەرەسەندنی بهردهوام، دابنێت.
دەروازە
پێشکەوتنی مرۆڤ ڕەوتێکی مێژوویییە کە ڕیشە کەونارەکانی لەناو زانستی پزیشکی و گۆڕانی جێنیتیکی و پێگەیینی مرۆڤی کۆنی وەک هێموساپینز و گەشەکردنی مێشک دەدۆزرێنەوە. ئەم ڕەوتە، درێژەی هەبوو تا لەسەردەمی نوێ بەگوێرەی خێراییی گۆڕانەکان و پێشکەوتنی زانست، چەمکی پەرەسەندن لە دوای نیوەی سەدەی بیستەم لەناو کەشی مۆدێرنیتە جێی بۆ خۆش کرا و جیهانی مرۆڤی بەسەر دوو بەشی سەرەکیی پەرەسەندوو و پەرەنەسەندوو دابەش کردووە. هەڵبەت بەشێک لە وڵاتانیش لە پەرەسەندندان، بەڵام هەندێکیان بە لەنگی دەڕۆن و تووشی بنبەست دەبن. ئەم شەلییە بۆتە هۆی ئەوەی پەرەسەندنی بهردهوام و هاوسەنگ لەو جۆرە وڵاتانە دروست نەبێت. پاژنەی ئاشێلی ئەم ناهاوسەنگییە ئەوەیە کە وڵاتێکی ڕانتییەری پڕپارەی تاکەبەرهەم و تاکەسەرچاوە بە یەک دیدی تاکەڕەهەندییانەی سیاسی یان ئابووری، خۆی داوێتە ناو جاددەی هەڵەی بەناو پەرەسەندن و، سەرمەستانە یەک گۆشەی سیاسی و ئابووری، بە نیگایەکی ئەندازیارانە بۆ پێشکەوتن، دەبینێت و بابەتی سیاسەتی كهلتووری لەبیر دەکات یان تەنیا لەناو کاڵای كهلتووریدا پێناسەی دەکات؛ لە کاتێکدا مرۆڤ تەوەری سەرەکیی پەرەسەندنە و پێویستە كهلتوورسازیی بۆ بکرێت نەک میکامیزمی ماکینیزمکردنی وڵات، کە وەک مانکێنێکی سارد و بێڕۆح وایە، ببێتە بهرنامهی كار.
بە واتایەک، لە وڵاتگەلێکی جیهانی سێیەم پڕۆسەی پەرەسەندن زیاتر وەک پڕۆژەیەکی ئابووری دەدرێتە دەست تەکنۆکرات و ئابووریناسانێک کە کەمتر سەرنج دەدەنە واری سیاسی، کۆمەڵایەتی و كهلتووری. لێرەدایە کە پەرەسەندنی لاسەنگ و نابهردهوام بەکوێری دەڕوات و دەکەوێتە چاڵی چەوتی. ڕاستە پێشتر پەرهسەندن بە واتای پەرەگرتنی ئابووری دەهات، بەڵام وردە وردە بابەتی دیکەی وەک پەرهسەندنی مرۆیی، کە پەیوەندیی بە كهلتوورەوە هەیە، بووە دانگە و پێداویستەی سەرەکیی پەرهسەندن کە پێویستیی بە زانستی سیاسەتی كهلتوورییە. بۆیە زۆر جار كهلتوور ئاوا پێناسە دەکرێت کە "کۆمەڵە بەها، سیمبول، ئایین و دامەزراوەی کۆمەڵایەتین کە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی واری ئابوورییەوە هەیە." (نجف بیگی، 1385: 26)
لەم پەنجەرەوە، سەرەتاییترین و سەرەکیترین سیاسەتی كهلتووری، ناساندنی كهلتووری خۆماڵی و ئەرێنییە بە خۆت و دەوروبەر، بە مەبەستی دروستکردنی ناسنامەی كهلتووری کە یەکسانە بە ناسنامەی سیاسی. بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی دیاردەی گوندی جیهانی، دەبینین کە "کۆ" پارێزراوە بەڵام بەهۆی لاوازبوونی سیاسەتی كهلتووری، "تاک" تووشی ئهڵزایمێری كهلتووری دەبێت و ئێلێمێنت (Element) و هێماگەلی كهلتووری ڕەسەنی خۆی لەبیر دەکات. دواجار ناسنامەی سیاسی تووشی تەلیسمی ئاسمیلاسیۆن دەبێت. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە كهلتووری جیهانی وەلا بندرێت و كهلتووری ناوچەیی بە باڵاترین كهلتوور دابندرێت و شتێکی وەک نازیزمی ئەڵمانی وێنا بکرێت؛ هەروەها مەبەست ئەوە نییە کە كهلتوورسازیی مۆدێڕن لەسەرهوەڕا بسەپێت و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بێتە دی.
ڕاستییەکەی، ناکرێ ڕێگە لە كهلتووری دەرەکی و وردەكهلتوورەکانی دیکە بگیردرێت، چونکە كهلتوور شتێکی ڕەوین و بزواوە و لە ناخدا شتێکی گوێزهرهوهیە و سنوور قەت دەرەقەتی نایهت. بۆیە پێویستە بەپێی ئامانج، بە هەڵبژاردنی لۆژیکانە بە شێوازی بژار و بژاردەیی کاری كهلتووری بکرێت. واتا، دەبێ نەریتەکان بەپێی گونجاوییان بە مەبەستی پێشکەوتن تەتڵە و هاوێر بکرێن و كهلتوورە جیهانشموولە بەکەڵکەکانیش بگونجێندرێن و كهلتووری پەسندی بیانییەکانیش بهخۆماڵی بکرێت. هەروەها مەبەست لە سیاسەتی كهلتووری ئەوە نییە کە تاکی تاکەڕەهەندی و ئایدیۆڵۆگی وەک كهلتوورسازیی کۆمۆنیستی دروست بکرێت، بەڵکوو مەبەست نیشاندانی كهلتووری باش و ئەرێنییە کە خزمەت بە گەشەی گشت مرۆڤایەتی دەکات و زەمینەسازییە بۆ مرۆڤسازی و سازکردنی کۆمەڵگەی پەرەگرتووی سۆبژەکتیڤانە.
لەسەردەمی پەرەسەندنگەراییدا وڵاتانی پێشنەکەوتوو پتر پێویستیان بە سیاسەتی كهلتووری هەیە، چونکە ئەم جۆرە وڵاتانە وەک سویسڕا نین کە هەموو شتێکیان لە جێی خۆیدا بێت و هەموو شتیان بناغەڕێژ کرابێت و ژێرخانی پەستاو و پتەوی مێژووسازیان هەبێت. لەم دیدگەیەوە، کورد یەکێک لەو نەتەوە پەرەنەسەندووانەیە کە پێویستە بیر لە ژیانێکی باشتر بکاتەوە؛ بۆ گەیشتن بەم ئاواتە پێویستە سیاسەتی كهلتووری بکاتە سەرەکیاتی خۆی و ئەوە دیاری بکات کە لەناو ئەتمۆسفێری كهلتووری لە کوێی دونیادایە و دەیەوێ بگاتە کام کەنار. وەک دیارە لە ڕووی سیاسییەوە ناسنامەی کوردی، درەنگ بە دونیا ناسێندراوە و ناسنامهی پێشمۆدێرن هێشتا زاڵە و نەبۆتە ناسنامەیەکی مۆدێڕن و ژێرخانی ناسێنەی سیاسی. ئەم گڕوگاڵە ئەو پرسیارە گەڵاڵە دەکات کە بۆچی وێڕای کاری سیاسی و ئابووری، هێشتا پەرەسەندنی بهردهوام دروست نابێت؟ بۆ دیتنەوەی وەڵام، دەبێ بەناو تیۆریی سیاسەتی دامەزراوەییی عەجەم ئۆغڵۆ و ڕابینسۆن و تیۆریی شایستەییی كهلتووری، بە میتۆدی شیکاری وەسفی بچینە ناو وارگەی پەرەسەندنی بهردهوام و هاوکێش، کە ئەویش سیاسەتدانانی كهلتووریی گەرەکە.
...
بۆ درێژەی بابەت کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-12-28/item/1873-2021-10-06-07-53-12
ئەگەر وتارەکە پەسند دەکەی بە پاراستنی سەرچاوە هاوبەشی بکە. www.rojne.net
ناردنی بۆچوون