بۆچی خوێندەواریی ئێمە نابێتە هۆی گۆڕان لە ناو ژیانماندا؟

چاپکردن
وتار
فۆنت

وەرگێڕان: کاروان کەریمخان

کۆی وشە: 637، کاتی پێویست بۆ خوێندنەوە: 5 خولەک

literary changeخۆشە بزانین کە بابەتی فێربوون لە ناو دەقەکانی دەروونناسیدا، وەک دروست بوونی گۆڕان لە ناو ڕەفتار پێناسە دەکرێت. کەواتا گۆڕانکاری لە ناو ڕەفتاردا گرینگترین پایەی خوێندەوارییە. زۆر کەس زانیاریی پێویستی هەیە بەڵام کاریگەری لە سەر ژیانی خۆی نیە. بۆچی؟ بۆ وێنە، بۆچی زۆربەی خەڵک وێڕای ئەوەی کە دەزانن سەیارە هاژۆتنی خێرا دەبێتە هۆی مردن، بەڵام هێشتاش گوێ نادەنە یاساکانی هاتوچۆ؟ لە درێژەدا لەبارەی ئەم پێناسە نوێیە و ڕێگاکانی گەیشتن پێی دەخرێنە ڕوو.

جیاوازیی نێوان زانست و زانیاری

بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارەکەمان، دەبێ ئاماژە بە جیاوازی نێوان زانست و عەقل لەگەڵ داتا بکەین. داتا هاتنەژووری بابەتگەلە بۆ ناو زەین. کاتێک داتاکان پۆلێنبەندی دەکەین، شرۆڤەیان بکەین و واتایان پێ بدەین ئەوا گەیشتووینەتە زانیاری. بەڵام زانست کاتێک دروست دەبێت کە زانیارییەکان ئانالیز بکرێن و لەگەڵ زانستی پێشتر لێک بدرێت و ببن بە زانستێکی نوێ. سازکردنی پەیوەندی لەگەڵ زانستی پێشوو بەشێکی سەرەکی پڕۆسەی گۆڕینی زانیارییە بۆ زانست. بە تێکەڵ کردنی زانست و ئەزموون، عەقڵ و هۆش دروست دەبێت. لێرەدایە کە هەندێک کەس لە بواری پسپۆڕی خۆیاندا بە هۆشمەند دێنە ژمار بەڵام سیستەمی فێرکاریی وڵاتانی دواکەوتوو چ لە قۆناغی زانکۆ و چ لە قۆناغی پێش زانکۆ تەنیا پێداگری لەسەر لەبەرکردنی داتا و زانیاری دەکەن و فێرکارییەک بۆ گۆڕینی زانیاری بۆ زانست ناخرێتە ڕوو.

بۆ نموونە هەموومان لەبارەی یاساکانی هاتوچۆ دەزانین (وەک داتایەک هاتۆتە ناو مێشک، لە کاتی تاقی کردنەوە کەلکی لێوەردەگرین، واتا تەنیا بۆتە زانیاری و لە دەرئەنجامدا تابڵۆکانی هاتوچۆ دەخوێنینەوە). لە لایەکی دیکە، ئەم زانیارییانە لەگەڵ هیچ زانستێکی دیکە لێک نەدراونەتەوە. بۆ وێنە سەرپێچی لەم یاسانە لەگەڵ دیمەنی دڵهەژێنی پێکدادان لێک نەدراوە تاکو ببێتە هۆی هاژۆتنێکی دروست و یاسایی. زانیاریی بیرکاری، فیزیا، دەروون ناسی و... هاتوونەتە ناو زەینمان بەڵام نەبوونەتە زانست. بۆیە وا دەزانین کە هەر ئەو دوو کتێبەی کە لەبارەی دەروونناسی خوێندومانەتەوە ئێمەی کردۆتە دەروونناس، بەڵام تەنانەت زانستی دۆزینەوەی کێشەکانی خۆمان نیە.

ڕێکارەکانی باشتربوونی ژیان لە سەر بنەمای زانیارییەکانمان

ئێستا دەگەینە ئەوە کە چۆن دەبێ بە پێی زانیارییەکانمان گۆڕان دروست بکەین؟ یەکەمین هەنگاو بۆ گۆڕین، تێگەیشتنی قووڵ و ئانالیزەی زانیارییەکانە، ئەم زانیارییانە لە ئەزموونەوە هاتبن یان لە فێربوونی فەرمی. ئانالیزەکردن ڕێگەمان پێدەدات کە لە گۆشەی جیاواز سەیری بابەتێک بکەین. دواتر دەبێ دەرئەنجامی ئەم پڕۆسەیە لەگەڵ باقی زانیارییەکان لێک بدەین.

کاتێک سەری مانگ تووشی کێشە دەبین لە لایەک، لە لایەکی دیکە دەبیسین کە تواناییەک بە ناوی خوێندەواری دارایی بوونی هەیە، دەبێ لە ناو زەینی خۆماندا ئەم دوو شتە پێکەوە ببەستینەوە و بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ڕەنگە کێشەی ئێمە نەبوونی شێوازی بەڕێوەبردنی دروستی سەرچاوە دارییەکان بێت. دوای ئەوە بۆ فێربوون و گۆڕانکاری لە ناو ژیانی خۆماندا ئامادە دەبین.

لەو ناوە، زۆر کەس هەن کە هیچ کات خۆیان بە هەڵە نازانن و بۆ هەر بابەتێک دۆخەکە، کۆمەڵگا و ئەوانی دیکە بە هۆکاری شکست و کێشەکانی خۆیان دادەنێن. ئەو جۆرە کەسانە هیچ کات گۆڕانکاری ئەزموون ناکەن چونکە مەرجی یەکەمی گۆڕانکاری، قەبول کردنی نالەباربوونی دۆخی هەنووکەییە. هەر کات ئەوەمان قەبووڵ کرد کە لە ناو ڕەفتار و شێوازی ژیانی خۆمان گرفتێک هەیە، ئەو کات ئەگەری گۆڕان دێتە کایە. تاکو خۆمان بە هۆکاری هەڵە دانەنێین هیچ شتێک ناگۆڕێت. بە واتایەکی دیکە گۆڕانکاری بە بێ گۆڕین بێ مانایە.

هەروەها، ئەوانەی کە خۆیان بە هەمەزان دادەنێن ئەوانیش ناگۆڕدرێن. پێویستەی گۆڕین قەبووڵ کردنی ئەو بنەمایەیە کە ئەوانی دیکە، تەنانەت منداڵان، هەژاران و کەسانی ژێردەست و...، دەتوانن شتێکمان فێر بکەن. کاتێک خۆمان بە هەمووشتزان بزانین، کە ئەمە هەڵقوڵاوی کەمبوونی عێزەتی نەفس و گرێی خۆبەکەم زانینە، هەرگیز ناتوانین بگۆڕدرێین. بۆ گۆڕانکاری دەبێ دان بەوە دابنێین کە ئێمەش هەر مرۆڤێک کەسێکی تەواو نین و پێویستیمان بە ڕاوێژ و کەلک وەرگرتن لە ئەزموونی کەسانی دیکە هەیە.

بابەتێکی دیکە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنەوەی بیر و باوەڕ و بنەماکانی خۆمانە بەپێی دۆخی نوێی کۆمەڵایەتی. پێویستە هەر چەند ساڵ جارێک باوەڕەکانی خۆمان هەڵسەنگێنینەوە. بە سەرنجدان بە ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی دوایی، ئایا هێشتا ئەو باوەڕانە کاراییان هەیە یان نا. لە کۆتاییدا لەبیرمان نەچێت گۆڕانکاری بە بێ گۆڕینی خۆمان ناکرێت. ئەگەر خوازیاری گۆڕانی بابەتێک بین لە ناو کۆی کۆمەڵگا، پێش هەر شتێک دەبێ لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین.

سەرچاوە: سایتی https://www.yjc.ir/fa

ئەگەر پەسنی ببەتەکە دەکەی بە پاراستنی سەرچاوە بۆ دۆستەکانت بنێرە. www.rojne.net

ناردنی بۆچوون

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە