محهمهد کەریمخان
ئەم وتارە بۆ (خانەی هزری کوردستان) نووسراوە و یەکەم جار لە 19/12/2020 لە سایتی پێنووس (http://www.penus.krd/index.php/ckb/) بڵاو کراوەتەوە.
پوختە
بەپێی هەواڵە میدیایی و دەنگۆیە دادگایییەکان، وێڕای پێشکەوتنێکی ڕواڵەتی و ئامرازی، لە سەردەمی ژیانی مۆدێرنی ناهاوسەنگ و ئەستووربوونی هێڵی هەژاری، نائەهوەنیی کۆمەڵایەتی وەک دیاردەی توندوتیژیی فیزیکی دژی ژنان و شەڕانگێزی و تاوانی شەقامی، وەک فەکتێکی کۆمەڵایەتی، بۆتە هۆی ئەوەی یاسا، میدیا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەتەنیا و بەتەواوی نەتوانن ئاستی ئەم دیاردە دزێوە دابکشێننە خوارێ. لەو شەپۆلە گوتارییەی پەرەسەندندا، کە دونیای بەخۆیەوە خەریک کردووە، پێویستە بە چاوێکی فەرهەنگییانە سەیری پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی بکرێت و لە جیاتی هەڵچنینی تاکڕەهەندانەی بینای بەرزی شووشەوات، زیاتر بیر لە ڕەهەندی پەرەسەندنی فەرهەنگی بکرێتەوە. دانگێکی سەرەکیی پەرەسەندن، پەرەسەندنی کۆمەڵایەتییە کە گرنگترین کلیلی ئەم پەرەسەندنە، سیاسەتی فەرهەنگییە. بەهۆی نەبوونی سیاسەتی فەرهەنگی لە وڵاتە دواکەوتووەکان نەک هەر پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی شێوەیەکی ڕواڵەتیی هەیە، بەڵکوو سەرمایەی کۆمەڵایەتییش نایێتەدی؛ تەنانەت دەمارگرژی و ڕق و ڕەقایەتی ڕەو دەگرێت و دەبێتە هۆی ڕووخانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و نائەهوەنیی شارستانیی لێ دەکەوێتەوە و کەلتووری هاووڵاتیبوون ساز نابێت. سەرەکیترین پرسیاری ئەم پرسە ئەوەیە کە چۆن کۆمەڵگه لە نەریتە ناشیاوەکان بپەڕێتەوە و بەرەو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی هەنگاو بنێت؟ لە وەڵامدا پێدەچێت دوورمەوداترین و بنەماییترین کارکردی دروستکردنی کۆمەڵگهیەکی تەندروست فەرهەنگسازی بێت، واتا تا سیاسەتی فەرهەنگی بۆ ئەم پرسە دانەندرێت ڕێگەی یاسا، بەرزکردنەوەی ئاستی باری ئابووری و NGO بەتەواوی سەرکەوتوو نابن.
پێشەکی
سەرمایەی کۆمەڵایەتی (social capital) ڕەهەندی مەعنەویی میراتێکی مێژوویییە کە ڕۆحی هاوکاری و بەشداریی تێدایە؛ لەو کەناڵەوە دەکرێت زۆرترین کێشەکانی ناو کۆمەڵگه چارهسهر بکرێن و کۆمەڵگه زووتر بگاتە کەناری پەرەسەندنی سیاسی و ئابووری. ئەم سەرمایە مەعنەوەییە، نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان پەسند و پێناسە دەکات و لەناو کۆمەڵگهیەکی خاوێن و متمانەپێکراو و بەشدارمەند دێتە دی و کۆمەڵگه بۆ هەر ئامانجێکی پێشکەوتن تەیار دەکات. ئەم سەرمایە مرۆیییە لە تەنیشت سەرمایە فیزیکییەکان، دەتوانێت هاووڵاتیی ئەرکناس و مافناس بونیاد بنێت. سەرمایەی کۆمەڵایەتی تەنیا بە سەرمایەی زانستی و ئهکادیمی، لە ڕووی ستوونی، پێک نایێت بەڵکوو پێویستە تا ڕاددەیەکی بەرچاو لە ڕووی ئاسۆییش ئاستی فەرهەنگیی کۆمەڵگهی ڕەشۆک بەرز بکرێتەوە. ئەم جۆرە سەرمایە کۆمەڵایەتییە دەبێتە یەکێک لە کلیلە سەرەکییەکانی پەرەسەندن. ئەوەی کە ئێستا لەناو دەوڵەتە دواکەوتووەکان دەبیندرێت ئەوەیە، کە بۆ پەرەسەندن تەنیا بینای ئاسماندڕ و بریقاوی بەرز دەکرێتەوە، بەبێ ئەوەی مرۆڤسازی کاری لەسەر بکرێت؛ نەخۆشخانەی چەند نهۆمی و پڕ لە ئامێری پزیشکی دروست دەکرێت بەبێ ئەوەی کار لەسەر ئاکاری پزیشکی و بەرهەمهێنانی سەرمایەی زانستی بکرێت؛ جادەوبانی شاران گڵۆپین دەکرێن بەبێ ئەوەی بیر لە پەرەسەندنی لادێ و بەرهەمی ناوخۆیی و هەناردە و GDP بکرێتەوە؛ بەبێ ڕەچاوکردنی زانستی سیاسەتی ئابووری، نەوت بە خاوی لەناو بۆڕی ڕەوانە دەکرێت، بەبێ ئەوەی بیر لە دانانی پاڵاوگە و کارخانەی پەترۆکیمیایی بکرێتەوە؛ قوتابی بەڕێ دەکرێتە زانکۆیەکی پووڵەکیی وڵاتێک، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە وڵات پێویستی بە چ زانستێکە و دەبێ قوتابی بنێردرێتە کام وڵات و کامە زانکۆ؛ میدیاکان ڕکابەرییانە بۆ هەواڵاویکردنی کۆمەڵگه و سیاسەتزەدەییی تاک؛ ئەم گەیهنەرانە، بە تێچوویەکی زۆر، ناپسپۆڕانە دەم لە سیاسەت وەردەدەن بەبێ ئەوەی لە زانستەکە بزانن، لە کاتێکدا پێویستە سیاسەتزانان بۆ پێشخستنی کۆمەڵگه کاری فەرهەنگی بکەن؛ وێڕای ئەرتەشی سایبێری، دەیان و سەدان لاپەڕە و ماڵپەڕ لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەلتووری زمانشڕی و بڵاوکردنەوەی هەواڵە ناڕاستەکانیان کردۆتە پیشە، بەبێ ئەوەی سوود لەم تەکنیکە زانستییەی گڵۆبالیزەیشن وەرگرن و ئاستی فەرهەنگیی کۆمەڵگهی پێ بەرنە سەر و لەو ڕێگەیەوە ببنە بەشێک لە داهاتی GDP.
ئاکامی ئەم سادەهزری و ساکاربیرییە ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلی باش دێنە سەر شەقام بەڵام شۆفێری دەرووننەخۆش و نەخوێندەوار لە پشت سوکان دادەنیشن. زانکۆیە دوکانشێوەکان زۆروبۆرن بەڵام دەگمەنن ئەو مامۆستا و قوتابیانەی کە نیزامی هزرییەکەیان بە شێوەیەکی زانستییانە شکڵی گرتبێت و زانست بەرهەم بێنن، یا لانی کەم زانست بەباشی بەکار بێنن؛ دادگه، پارێزەر و یاسا مشە و زۆرن بەڵام تاوان و بێدادی لەو پترە و ڕۆژانە تاوانی نامرۆڤانە بۆتە بەرهەمی میدیای کوردی و میدیاکەیش خۆشحاڵە لەوەی کە یەکەم گەیهنەر بووە ڕووداوەکەی ڕاگەیاندووە. ئەمە هەمووی ئهلهرمی مەترسییە و نیشانەی ئەوەیە کە لەناو قوڕاوی دواکەوتوویی هەروا تل دەخۆینەوە.
یەکێک لە کارە تەنگبین و کورتهێنەرەکانی کۆمەڵگه تاکڕەهەندبینەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دیاردەیەک یاسادانانه، بەڵام بژاردە ناهزرییەکان (Instrumental Elites) [بژاردە نائاکادیمییەکان کە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوورین] پێیان وایە تەنیا یاسا و سزا دەتوانێت ببێتە بەربەست لە پێش ڕوودانی تاوان و ناڕێکیی کۆمەڵایەتی. لە کاتێکدا ئەم دیدگهیە تەسک و کورتبینە زۆر سەرکەوتوو نییە. یاسا و سزا کاتێک سەرکەوتوو دەبن و کۆمەڵگهیەک دەگەیهننە ئامانج، کە ژێرخانی پەروەردە و فەرهەنگیی کۆمەڵگهکە پتەو و دامەزراو بێت و ئاکامی سیاسەتی فەرهەنگی، شۆڕ بووبێتەوە ناو بچووکترین یەکەی دامەزراوی کۆمەڵگه کە خانەوادەیە.
.....
بۆ درێژەی بابەتەکە کلیک لە سەر ئەم لینکە بکە
http://www.penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/1713-2020-12-19-14-21-22