.

شێوازی ژیانی نوێ و گۆڕانی سنوورەکانی ناسنامه‌

فۆنت

محەمەد کەریمخان

ئەم وتارە بۆ (خانەی هزری کوردستان) نووسراوە و یەکەم جار لە 23/5/2021 لە سایتی پێنووس (http://www.penus.krd/index.php/ckb/)  بڵاو کراوەتەوە.

کورتە

new life styleلەسەردەمێکدا دەژین کە بەهۆی تەکنەلۆژیاوە گۆڕانی کۆمەڵایەتی خێراترە لەچاو جاران. لەناو لرفەی شەپۆلەکانی بەجیهانیبوون، بەتایبەتی هاتنی بابەتگەلی نوێی وەک دووجیهانیبوون و نزیکبوونەوەی فەرهەنگەکان و بابەتی فەرهەنگ و ناسنامه‌ی جیهاننیشتمانی (Homeland)، شێوازی ژیان (life style) گۆڕانێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە و بۆتە هۆی ئەوەی ناسنامه‌ی ناوچەیی و خۆماڵی گۆڕانی بەسەردا بێت و ناسنامه‌یه‌کی جیهانی بێتە شوێنی ناسنامه‌ی کلاسیک و، سنوورەکانی ناسنامه تووشی گۆڕان بن. ئەم گۆڕانە ئەگەرچی پێویستیی سەردەمە و خۆلێلادانی ئەستەمە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیاسەتی فەرهەنگی، خەریکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر شێوازی ژیان و ونبوونی توخمە سەرەکییەکانی ناسنامه دادەنێت. تەنانەت بە قەولی شانتال مووفه (Chantal Mouffe) خەریکە جۆرە ناسنامه‌یه‌کی تاکگەراییی کۆنترۆڵکراو و بێئامانج ڕەو دەگرێت کە لە داهاتوودا نەخۆشیی پەرێشانی و خەمۆکییش زیاتر دەکات. ئەم نووسینە دەیەوێ ئەنگوستی ئاماژە بۆ شێوازی ژیان لە سەردەمی دووجیهانیبوون و مۆدێلگەرایی و جه‌سته‌گەرایی (Body identity) و ڕووخانی ناسنامه لەناو کۆمەڵگە پێشنەکەوتووەکان، بەتایبەتی کۆمەڵگەی کوردی درێژ بکات.

پێشەکی

مرۆڤ لە کۆنەوە بە دوای شێوازی ژیان و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنییەتی، بۆیە لە پەنا توخمه پێکهێنەرەکانی دیکەی ناسنامه، شێوازی ژیانیش وەک کۆمەڵە ڕەفتارێک، یەکێک لە توخمەکانی ناسنامه و پێگە و جێگەی تاک و کۆمەڵگە دیاری دەکات. ناسنامه‌ی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگەی کلاسیکی، زیاتر بە شێوەیەکی گرێدراوییە و لە قەبیلە و تائیفە جیا نییە، بەڵام لەناو کۆمەڵگەی مۆدێرندا ناسنامه‌ی کۆمەڵایەتی بەپێی چین و توێژی کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیان دیار دەبێت. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم چەمکی شێوازی ژیان، بووە سەرنجگەی کۆمەڵناسان. ماکس ڤێبێر یەکەمین کەسە کە ڕیشەی پێشکەوتنی ڕۆژاوا لە شێوازی ژیانی هەڵقووڵاوی ناو ئەخلاقی پرۆتستاندا دەبینێتەوە. (وبر، 1394) بەدەر لە پڕۆژەی مارکسیستی، کە بەجیهانیبوونی فەرهەنگی وەک ئیمپیریالیزمی فەرهەنگی دەناساند، لە سەردەمی بەجیهانیبوونی فەرهەنگدا شێوازی ژیانی مۆدێرن هاتۆتە ناو کۆمەڵگەی کلاسیکی و ناسنامه‌ی تووشی گێژەو کردووە و دیاردەیەکی وەک "ناناسنامه"ی (Anonymity) هێناوەتە ئارا؛ واتا تاک تێیدا نە سۆبژەیە و نە ئۆبژە (Subject and Object). جاران سەرچاوەکانی ناسنامه بریتی بوون لە نەتەوە و ئایین، بەڵام ئێستا شێوازی ژیانیش وەک فەرهەنگ بۆتە بەشێکی گرینگ و کاریگەری ناسنامه. بە جۆرێک کە بەجیهانیبوون وای کردووە کە ڕەنگاوڕەنگیی جۆری ژیان توانای هەڵبژاردەی زۆر بخاتە بەر دەستی خەڵک و دواجار فەرهەنگێکی چل پارچەیی و ناسنامه‌یه‌ک لەسەر بنەمای جیاوازیی تاکەکان دروست بێت. ئەم پێچەڵپێچییە ئەم پرسیارە تۆخ دەکات کە ئایا بەجیهانیبوون وەک سەرچاوەیەکی نوێ کاریگەریی لەسەر ناسنامه و شێوازی ژیان هەیە؟ گریمانەی سەرەتایی ئەوەیە کە نەبوونی سیاسەت و بەڕێوەبردنی شێوازی ژیان چاڵێکی ونکەری بۆ ناسنامه هەڵقەندووە کە لە داهاتوودا لێکەوتەکانی باشتر وەدەردەکەون. لە بەرانبەردا گریمانەی ڕکابەر ئەوەیە کە دەکرێ لەناو شەپۆلە جیهانگرەکانی بەجیهانیبوون خۆ لە نەرێنییه‌كان بپارێزرێت و بە پاراستنی ناسنامه، گۆڕانی ئەرێنی بەسەر شێوازی ژیاندا بێت.

...

بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە لە سایتی پێنووس تکایە کلیک لە سەر ئەم لینکە بکە:

http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/1796-2021-05-23-14-07-41

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە