سی تایبەتمەندیی مرۆڤی عەقڵانی

چاپکردن
سی وانە
فۆنت

 

د. مەحمود سەریعولقەلەم January 20, 2014

وەرگێڕان: کاروان کەریمخان

407 وشە، ماوە بۆ خوێندنەوە 12 خولەک

rational person1- لە ڕۆژدا لانی کەم جارێک بڵێی "من نازانم"؛

2- کەمتر داواکاری لە خەڵک هەبێت و زیاتر پشت بە تێکۆشان، بیر، بەرنامەڕێژی و ماندووبوونی خۆی ببەستێت؛

3- لەو بابەتانەی کە زانیارییەکی گشتی هەیە، بۆچوونی خۆی نەڵێت؛

4- کەڵکەڵی سەرەکی ژیانی ئەو، باشترین کارکرد بێت لە پیشەکەیدا؛

5- پێشوازی لە کەسێک بکات کە جیاوازی یان تەنانەت دژەبیری ئەوە؛

6- بەبێ ڕێپێدانی پێشتر لە لایەن کەسێک، قسەی ئەو بۆ کەسێکی دیکە نەگێڕێتەوە؛

7- لە ئۆتۆمبێل زبڵ فڕێ نەداتە دەرەوە؛

8- بە ڕەچاوکردنی پیتی زیادە و بەو پەڕی وردبینی، قسەیەک بگێرێتەوە؛

9- بەردەوام لە گۆڕان و باشتربوون دابێت، بە جۆرێک کە دەوروبەری ئەو هەست بە گۆڕانەکەی بکەن؛

10- ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، خۆی لە ڕاکێشانی خەڵک بۆ لای خۆی یان بۆ سەر بیروڕای خۆی بپارێزێت؛

11-بۆ لێڕەوار، کە تێکەڵی تەم و مژ و نمەنمی باران و ڕەنگە زیندووەکانی سروشت بووە، کات دابنێت؛

12-ئەو توانایە لە خۆیدا دروست بکات کە بەرپەرچدانەوە بە خەڵک تاکو پێنج ساڵیش دوا بخات؛

13- نزیکەی سەدا 10ی کات، وزە و پسپۆڕیی خۆی بەخۆڕایی بۆ کۆمەڵگا تەرخان بکات؛

14- لەو پیشەیەی کە پسپۆڕیی تێدا نیە بەرپرسیارێتی وەرنەگرێت؛

15- خۆشبەختی لەگەڵ ئاسوودەیی و مەسرەفگەرایی یەکسان نەکات؛

16- هەر دوو ساڵ جارێک، بە هەڵسەنگاندنی کار و ڕەفتارەکانی پەی بە هەڵەکانی رابردووی ببات و خۆی چاک بکات؛

17- بە ڕستەی "من هەڵەم کرد" بگاتە ئاشتییەکی بەردەوام؛

18- سنووری هاوڵاتیان بپارێزێت: لە نۆرە، بانک، پارک کردن، نەزاکەتی گشتی، ڕێبواری پیادە، ئاخاوتنی ئارام؛

19- ئەوەندەی کات بۆ هێزی فکری و روحی خۆی دانابێت تاکو پێویستی بوونی پەسن و پێهەڵگوتنی خەڵک لە ماوەیەکی پێنج ساڵەدا بگەیێنێتە خاڵی سفڕ؛

20- لە چوونە شانۆ وەک سەرچاوەیەک بۆ گەشە و پشکوتنی خۆی کەلک وەربگرێت، چونکە شانۆ بەهێزترین نیمایشی توانای مرۆڤە؛

21- لە هەر جۆرە بڕیاردانێک، هەر لە کڕینی سەرپایە تا پرسی جددی پیشەیی، ڕێگە جیاوازەکان بنووسێتەوە، بیانخوێنێتەوە، ڕاوێژ بکات و بە وردبینییەکی 90 لەسەدی بگاتە دەرئەنجام؛

22- بە کرداری خۆی، بە خەڵک بڵێ کە جیاوازی نێوان هەشت لەگەڵ هەشت و یەک خولەک دەزانێت؛

23- لە ڕۆژێکدا لانی کەم سوپاسی پێنج کەس بکات: لەبەر نەزاکەت، ئاکار، زانست و خووەکانیان؛

24- پێش دادوەری کردن لەبارەی کەسێک، لانی کەم 10 سعات لەگەڵ ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی فکری ساز بکات تاکوو بە جیهانی ئەو ئاشنا بێت؛

25- بە توانایی، تێدابوون و باڵاتربوونی ئەوانی دیکە تێک نەچێت؛

26- لێبگەڕێ ئەوانی دیکە قسەکانی خۆیان تەواو بکەن؛

27- وەک سەرچاوەیەکی وردبوونەوە، ئارامی و خۆدۆزی سەیری مۆسیقا بکات؛

28- لانی کەم سەدا 20ی کاتی خۆی بۆ گەشەسەندنی کەسی، بیری، ئاکاری و شارستانی خۆی تەرخان بکات؛

29- لە ئاخاوتندا یەک لەسەر سێی بۆ پرسیار و دوو لە سەر سێی بۆ دادوەری بێت، دوای پێنج ساڵ، پێنج لە سەر شەشی قسەکانی بۆ پرسیار و یەک لە سەر شەشی بۆ دادوەری بێت؛

30- لانی کەم یەک سعات لە ڕۆژدا بخوێنێتەوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی تایبەتیی دکتۆر مەحمود سەریعولقەلەم، www.sariolghalam.com

ئەگەر نووسینەکە پەسند دەکەی، بە ئاماژە بە سەرچاوە، بۆ دۆستەکانت بنێرە

www.rojne.net

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە