.

کتێبی ئێمە چۆن بووین بە ئێمە؟

فۆنت

 

(دکتۆر سادق زیباکەلام)

کورتکردنەوە بە زمانی کوردی: نەزیر مەفاخێری

paragraph 6زیباکەلام دەڵێت کتێبەکەی بانگەشەی ئەوە ناکات کە دەتوانێت رووناکییەک بێت لە کۆتایی تونێلی دواکەوتوویی و نە دەشتوانێت کە شا کلیلی چارەسەر کردن و تەفسیری کردنی هۆکارەکانی دواکەوتوویی بێت و تەنانەت هەوڵیشی ئەوە نیە! هەموو هونەری ئەم کتێبە درووست کردنی پرسیارێکە! بۆچی ئێمە دوا کەوتین؟ ئەو دەڵێت بۆچی هەرچی پاشا و پیاوە گەورەکانمان، هەموویان گەندەڵ و خراپ و خۆ فرۆش و بە کرێگراون،  بەڵام پاشا و کەڵە پیاوەکانی فەرەنسا و ئینگلتەرا لە هەمان کاتدا، هەموویان گەندەڵ و خراپ نەبوون! بۆچی لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەس ئاشنای زانستە سەردەمیەکان نییە، بەڵام وڵاتانی دیکە، هەر لەو کاتەدا لە وارەکانی فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجی و... زانای زۆریان هەبوو.  بۆچی ئەوان هێڵی ئاسنین و شەمەندەفەر و تراموایان هەبوو و هەواڵەکانی دونیایان پێ ڕاگەیاندرا، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا ئەو ئامێرانە نەبوون و هەندێک جار خەڵک لە ژیانی گوندەکانی تەنیشتیشیان ئاگایان نەبوو .ئایا لە پێکهاتەی ژنێتیکی ئێمەدا کرمۆزومێک کەم و زیادە و یان کەم و کورتیێکی ترە کە ئەم هەموو مەیلی گەندەڵییەی لە نێوان بەرپرس و پاشا و وەزیرەکانی لە زۆربەی  نەتەوەکانی تر زۆرتر کردووە!؟ ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەم فەرمانڕەوایانە لە نە لە مانگەوە هاتبوون و نە بە کودەتا و نە بە فشاری وڵاتانی دیکە! لە دڵی ئەم خاکەوە هەستابوون. ئەو دەڵێت لە وەڵامی ئەو کەسانەی کە دواکەوتوویی ئێمە تەنیا دەخەنە ئەستۆی کۆڵۆنیالیزم و ئێستعمار دەپرسم: باشە بۆچی پێش وەختە ئێمە نەچووین ئینگلستان یان فەرەنسا داگیر بکەین و یان کاریگەری لەسەر حکومەت و پاشا و مەسئوولەکانیان دابنێین؟

ناپلیۆن کە بەنیاز بوو هێرش بکاتە سەر هیند گرنگترین موستەعمەرەی بەریتانیا، نێردراوی خۆی بە ناوی مۆنسیور جۆبێر دەنێرێتە ئێران بۆ ئەوەی لەگەڵ عەباس میرزا فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئێران قسە بکات.  ئەو شەوە لە قەرەچەمەن، عەباس میرزا داوای چەک و پشتیوانی لە نوێنەری فەرەنسا نەکرد، بەڵکوو گوتی نازانم ئەو هێزەی کە دەسەڵاتی ئێوەی ئەوروپایی بە سەر ئێمەدا زاڵ کردوە چیە؟  چی دەبێتە هۆی لاوازی ئێمە و پێشکەوتنی ئێوە؟! ئایا ژمارەی دانیشتوان و بەپیتی خاک وسەروەت و سامانی ڕۆژهەڵات کەمترە لە ئەوروپا؟ یان تیشکی ئەو خۆرەی کە بەر لەوەی بگاتە ئێوە بە سەر ئیمەدا تێپەڕ دەبێت کاریگەری کەمتر و سوودی کەمتری هەیە لەسەرئیمە؟! بڕوا ناکەم وابێت. بیانی قسە بکە! بەس پێم بڵێ چی بکەین بۆ ئەوەی وەخەبەر بێین؟

ئەو پرسیارانەی عەباس میرزا کە گوتی نازانم کێشەکە لە کوێیە؟! بۆچی ئێوە بوون بە ئێوە و ئێمە بووینە ئێمە؟ دوو پرسیاری سەرەکی دیکەی لە ناودا بوو! یەکەم، بۆچی و چۆن و چی ڕووی دا کە فەرەنسا گەشەی کرد و ئێمە بە دواکەوتوویی ماینەوە!؟ پرسیاری دووەمیش ئەوەیە کە: بەبێ بەرچاوگرتنی هۆکارەکانی ئەم دواکەوتووییە، ڕێگەی دەرچوون و ڕزگار بوون چیە؟

هۆشیاری نەوەکانی دوای عەباس میرزا سەبارەت بە ئەو خەرەندە قووڵەی کە لە بواری پێشکەوتن لە نێوان ئەوان و ڕۆژئاوادا درووست ببوو وردە وردە ڕووی دەدا!  ئەوەندە سەرسام بوون بە بینینی ئەوروپا و بەراوردکردنی بە وڵاتە دواکەوتووەکەی خۆیان، کە سەفەرنامەکانیان بۆ ئورووپا بە نامەی سەرسامی و حەیرەتنامە ناویان دەبرد. وردەوردە، تێبینیەکانیان قووڵتر دەبوو لە سەر شارستانیەتی ڕۆژئاوا! سەروەری یاسا، لە بەرانبەر دەسەڵاتی بێ بن و بێ یاسای پاشا و حاکمەکانی خۆیان! بەرپرسیاریەتی حکوومەت لە کردار و بڕیارەکانی بەرانبەر دانیشتوان لە بەرانبەر هێزی بێ سنوری حاکمەکانی خۆیان! ئازادی ڕۆژنامەوانی، ئازادی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، ئازادی ئایین و ئازادی خۆپیشاندان! هەڵبژاردنی حکوومەت لەلایەن گەلەوە لە بەرانبەر شەرعییەتی ئیلاهی و ئاسمانی و ئایینی حکوومەت لە وڵاتەکەی خۆیان.

لە سەدەی بیستەمدا بە هاتنی بیری مۆدێرن، ئەو بزووتنەوە فکرییە سەرەکییەی کە وەڵامی عەباسی میزرای دەداوە مارکسیسم بوو! بە پێی تێگەییشتنی ئەوان لە مارکسیسم، دواکەوتوویی ئەوان لە بەرانبەر پێشکەوتنی فەڕەنسادا، پرۆسەیێکی مێژووییە و پەیوەندی بە وڵاتێکی تایبەتەوە نیە! بە پێی بیرۆکەی مارکس، زۆربەی وڵاتانی دنیا بە گشتی بەسەر دوو گروپی پێشکەوتوو و دواکەوتوودا دابەش دەبن. گروپی یەکەم لە وڵاتانی پیشەسازی و ئەوروپی پێکهاتووە و گروپی دووەمیش وڵاتانی دواکەوتووی وەبەرهێنەری کشتوکاڵی لەخۆ دەگرێت، کە سەرەکیترینەکانیان لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای باشوور دان و پێشکەوتنی گرووپی یەکەم پشت بە دواکەوتوویی گرووپی دووەم دەبەستێت. مارکس پێی وابوو لە دەرئەنجامی ئەو پێشکەوتنانەی کە لە ئەوروپا ڕوو دەدا، پێشکەوتنی پیشەسازی و سەرهەڵدانی سەرمایەداری مسۆگەرە و جۆرێک لە دابەشبوونی کار لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا دروست دەبێت. لە لایێک وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری و لە بەرانبەر وڵاتانی دیکەی دواکەوتوو. وڵاتانی گروپی یەکەم بە ناوی کۆلۆنیالیست یان ئیستیعمارکەر و ئیمپریالیست پێناسە کران و گروپی دووەمیش کە بە کۆلۆنیالکراو یان ئیستعمارکراو و جیهانی سێیەم ناسراون!

ئەگەرچی لە کۆمەڵگاکانی تریشدا ئەم تیۆرییە یەکێک بووە لە تیۆرە باوەکان لە بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی دواکەوتوویی. تەنانەت ئیسلامییەکانیش ئەم تیۆرییەیان قەبووڵ کردبوو و ئەوانیش بوونە بەشێک لە بناغەی فکری - سیاسی ئەم بزوتنەوەیە.

شیرینی وەڵامە مارکسیستیەکە لەوەدا بوو، کە هۆکاری دواکەوتنی وڵاتانی دواکەوتووی بە ئەوروپاییەکان دەبەستەوە. ئەوە ڕۆژئاواییەکان بوون کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتیەکانیان لە قوڕ نابوو و ئێمە هیچ ڕۆڵ و ناپاکی و کەم و کۆڕیێکمان نییە. کێشەکان و هۆکارەکانیشیان هەموو لە دەرەوە بووە.

زیباکەلام رەخنە لە ناردنی لەڕادەبەدەری تاجەگوڵینە بۆ سەر گڵکۆی مێژوو دەگرێت و دەڵێت: لە سەرەتای سەدەی 11ی زاینییەوە (نزیکەی 1000 ساڵ پێش ئێستا) بە بەردەوامی سەر و خوار ڕۆیشتووینە و نقووم بووین، بەتایبەتی دوای ڕووخانی سەفەوییەکان لە سەدەی هەژدەهەمدا ئەم دواکەتنە تاوی گرت و لە سەدەی نۆزدەیەمدا گەییشتە لووتکەی خۆی!

هۆکاری سەرەکی قبووڵکراوی ڕوونکردنەوەی مارکسییستی مەسەلەی دواکەوتن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەم ڕوونکردنەوەیەدا ئێمە هیچ بەرپرسیارێتییەک لە دواکەوتوویی خۆمان ناگرینە ئەستۆ و دواکەوتوویی بە دیاردەیەکی دەرەکی دادەنرێت. مەرجی یەکەمی لە تێگەیشتنی هۆکارەکانی دواکەوتووی دەگەڕێتەوە بۆ قەبووڵ کردنی کێشەکە! دەبێ دان بنێین بە دواکەوتووییمان!

قسەی سەرەکی کتێبەکە ئەوەیە کە ئەگەر سەرەتا خۆمان دواکەوتوو نەبایین، کۆلۆنیالیزم و ئیستعمار نەیاندەتوانی بێنە وڵاتی ئێمە و ئەو هەموو لێکەوتە نەخوازراو و درێژخایەنەی کە کۆلۆنیالیزم لەگەڵ خۆی هینای ڕووی نەدەدا! تێئۆرییە مارکسیستیەکان لەم بابەتە لەخۆفریودان زیاتر هیچی تیدا نیە! هەروەها بۆچوونی ڕۆشنبیرانی بزووتنەوەی دەستوورخوازیش کە تاوانباری سەرەکی دواکەوتوویی بۆ هێرشی عەرەب و هاتنی ئیسلام دەگەڕاندەوە تێگەییشتنێکی هەڵەیە! یەکێکیتر لە گریمانەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پرسی پەیوەندی عەقڵانییەت و گەشەکردنە،  گروپێک مشتومڕی لەسەر دەکەن کە پەرەسەندن، پرۆسەیێکە کە پێویستی بە بیرمەندی و عەقلانیەتە و بەبێ بیری عەقڵانی، پێشکەوتن و پەرەسەندن مسۆگەر نابێت! بە وتەیەکی تر ، ئەوان لەو باوەڕەدان کە ئێمە لەبەر ئەوەی لە کاتی ڕێگەداڕشتن و پلان دانان زۆر عەقلانیەت و بیرمەندی بەکار ناهێنین، نەمانتوانیوە پێشکەوتن بەدەست بێنین. بانگەواز کردنی بەرپرسان بۆ عەقڵانییەت و بەکارهێنانی عەقڵ، قسەیەکی ژیرانەیە، بەڵام زیاتر لەوەی ڕێگایەکی عەمەلی بێت، فیگەرێکی بێ خێری ڕۆشنبیرانەیە! جگە لەوەش ئەوەی کە ئێمە بەهۆی بەکارنەهێنانی زانست و عەقڵ و مەعریفە دواکەوتووین، هیچ شتێکی نوێمان پێناڵێت سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتن. ڕەنگە کەمتر کۆمەڵگایێک هەبێت  کە لەماوەی 200 ساڵدا ئەم بڕە هەوڵەی گۆڕانکاری و چاکسازیەی دابێت و بە هیچ شوێنێکیش نەگەییشتبێت.

لەم بارەوە نووسەر بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژهەڵات سەرنج دەداتە هۆکارەکانی پێشکەوتنی ڕۆژئاوا. ئەو دەڵێ: پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە کە بۆچی ئەوان وڵاتی ئیمەیان داگیر کرد و ئەوە ئیمە نەبووین کە وڵاتی وان داگیر کەین! وەڵامەکە ئاشکرایە! نەمانتوانیوە، نەک نەمانویستبێ! نووسەر هەوڵ دەدات لە هۆکارەکانی دواکەوتوویی قووڵتر بیتەوە! هەوڵ دەدات لەبری ئەوەی سەرکۆنەی عەرەبەکان، موغۆلەکان، ڕۆژئاواییەکان و داگیرکەران بکرێت لە خۆیان و ئەو هەل و مەرجە مێژوویانە کە وڵاتی خۆی دروستی کردووە قووڵ بێتەوە.

ئەم کتێبە هەول دەدات لە جیاتی ئەوەی قاڵبێکی دیاریکراو وەکوو مارکسیسزم کە ئەنجامەکەی چاوەڕوانکراوە بەکاربێنێت، بە پێچەوانەوە! بڕوانێتە ئەوەی کە بزانێت کۆمەڵگای خۆیان چۆن بووە و چی بۆتە هۆکاری گۆڕانکاری تێیدا و لە دواییدا مودێلێکی لێ درووست کات!

ئەوروپا دەکرێت بە گشتی بە نیمچە دوورگە وەسف بکرێت، چونکە لە سێ لاوە بە دەریای ئازادەوە گرێ دراوە. جگە لەوەش چەندەها ڕووباری گەورە و درێژی پێدا دەڕوات. ئەمەش وادەکات هەموو وڵاتەکانی ئۆرووپا پەیوەندی پتەویان لەگەڵ یەکتر هەبێت! بەرفراوانی باران و ئاوی شیرینیش، دەبێتە هۆی کەش و هەوای نەرم و خاکی بەپیت، کە لە ئەنجامدا ئەوروپا  دەکاتە وڵاتێکی دەوڵەمەند لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی. ئەم باروودۆخەش بووە هۆی ئەوەی کە گروپە ئەتنیکیە جیاوازەکان لە ناوچە ساردەکانی باکووری ئەوروپاوە کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری ناوچەکە و لەوێ نیشتەجێ بن و ژیانی کشتوکاڵی هەڵبژێرن و بەم شێوەیە جێگیربوونی هەمیشەیی لە ئورووپا ڕووبدات.

 بەهۆی بارودۆخی سروشتی ئەم ناوچە، هەرێمە جۆراوجۆرەکان، لە مەودایەکی نزیکدا لە نزیک یەکتری نیشتەجێ دەبوون، کە بە ئاسانی دەیانتوانی لە هەرێمێک بۆ هەرێمێکی تر بڕۆن. ئەورووپا، دوو تایبەتمەندیی جیاوازی هەبوو لە باقی ولاتەکانی دونیا. یەکەم  پەیوەندی زۆر نزیکی نێوان کۆمەڵگا جیاوازەکانی ئەوروپا، کە هەم باش بوو هەم خراپ! لە لایێکەو بووە هۆکاری پەیوەندی پتەوی کۆمەڵگاکان و خاڵی لاوازیش ئەوەیە کە، ئەم نزیکیە بەربەرەکانێ و ناکۆکی زۆری لە نێو ئەوروپیەکان درووست کردبوو. ئەم دیاردەیە لە سیستەمی فیوداڵی ئەوروپادا لە سەدەکانی ناوەڕاست بە ئاشکرایی دیارە!

بابەتیتر، نزیکایەتی ئەوروپا بە دەریاکان! ئەمە بووبووە هۆکارێک بۆ مەیلی زۆری خەڵک بۆ گەشتی دەریایی و بەم شێوەیە زۆر زوو بەسەر دەریاکاندا زاڵ بوون! دەتوانین بڵێین هەموو هێزە ئەوروپییەکان چێژیان لە توانای بازرگانی و سەربازی دەریایی  وەردەگرت. لە لایەک ئاسانبوونی پەیوەندی و لەلایێکی دیکەش بارودۆخی سروشتی گونجاو، دەبووە هۆکاری درووست بوونی بەرهەمی زیادە لە بەکارهێنان!  ئەو بەرهەمە زیادەش وایکرد کە ڕوو بهێننە بازرگانی کردن!

لە ڕووی کشتوکاڵیەوە ئاسیا زۆر لە ئەورووپا پێشکەوتوو تر بوو. ئەگەرچی کەش و هەوای ئەوروپا بۆ کشتوکاڵ لەبار بوو، بەڵام شارستانیەتی سەرەتایی لە ڕۆژهەڵاتدا دەستی پێکردبوو و  زنجیرەیەک لە جوراوجۆری کەش و هەوا و خۆر و گەرما و خاکێکی دەوڵەمەند بووە هۆی کشتوکاڵی بەر فراوان و ئاژەڵداری لە ڕۆژهەڵات! وێڕای ئەوەش، جۆراوجۆری کەش و هەوا و خاک، بووە هۆی ئەوەی کە بەرهەمی کشتوکاڵی جیواز لە ڕۆژهەڵات زۆرتربێت لە ئەوروپا. ئەوەش وایکرد، کە ڕۆژئاوا لە سەرەتا، بەرهەمی لە ڕۆژهەڵات هاوردە دەکرد، ڕێگای مێژوویی ئاوریشمیش پردێک بوو کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای گرێدابوو! ڕۆژئاواییەکان کە لە سەرەتادا شتێکی وایان نەبوو بۆ هەناردەکردن بۆ ڕۆژهەڵات، ناچار بوون بەدوای کانزا بەنرخەکان بگەڕێن و فێربن لە دەرهێنانی بۆ ئەوەی بتوانن قەرەبووی کەمی هاوسەنگی هاوردە- هەناردە لەگەڵ ئاسیا بکەن! ئەمەش گەڕان و دەریاوانی و بازرگانی زۆرتری لێ کەوتەوە! ڕۆیشتن بەرەو شوێنە نامۆ و نادیارەکانی سەر نەخشەی دونیا! بۆ نموونە ئەمریکایان لەم گەڕانانەدا دۆزیەوە! دوای سەدەکانی ناوەڕاست ئەم سەرکەوتنانە بەرچاوتر بوون! پێشکەوتن و شۆڕشی زانستی و هەروەها پێویستی زۆرتر بو دۆزینەوەی ڕێگای دەریایی نوێ بە تایبەت لە لایەن ئسپانیا و پورتوگاڵ بووە هۆی دۆزینەوەی وڵاتانی نوێ و هەموو ئەمانەش بوونە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی بازرگانی و مێرکانتالیسم لە ئەوروپا! و لە ناو دڵی ئەمانەوە ئەو شۆڕشی پیشەسازی سەرمایەدارییە لەدایک بوو. لە سیستەمی نوێی نێونەتەوەییدا ئیتر هیچ ڕێگە دەرچوونێک بۆ دەسەڵاتداری بە شێوازی سەدەکانی ناوەڕاست نەمابوو!

ناوەندە بازرگانییەکانی وەکوو قاهیرە، ئەسکەندەرییە، حەلەب، شام، ئەنتیۆچ، کۆنستانتینۆپول، جینوا و سیسیل ئیدی باویان نەما! ئەم شارانە لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتییەوە لە نزیک دەریای ناوەڕاست دامەزراون و زیاتر لە چەند هەزار ساڵ سەنتەری بازرگانی و ئابووریی جیهانی بوون! بەلام ئیدی وردەوردە شوێنی خۆیان دەدا بە ناوەند و ناوە نوێیەکانی وەک لیسبۆنە، بۆردو، لیڤەرپوڵ، بریستۆل و ئەمستردام و... .  هەبوونی سیستەمی نوێی هێزی دەریایی، ژێرخانی پێشمەرجێک بوو بۆ هاتنە ناو دونیای نوێ! کەواتا ئەو وڵاتانەی کە هەموو لایان بە وشکانیەکانەوە بەسترابووەوە شانسێکی ئەوەهایان نەبوو کە گیان دەرببەن!

ئەم یاریزانە نێودەوڵەتیە نوێیانە، کە لە کۆتایی سەدەی 15 وردەوردە لە ڕۆژهەڵاتدا دەرکەوتن،  یاسا و ڕێسای نوێیان لەگەڵ خۆیان دەهێنا، کە بە تەواوی بۆ دەریاوانانی ڕۆژهەڵاتی نەناسراو بوون. لە کاتێکدا بازرگانانی ڕۆژهەڵاتی بۆ چەندین سەدە بازرگانییان لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و بەرژەوەندیی هاوبەش ڕاوەستابوو، تووشی ئەو ئەکتەرە نوێیانە بوون کە یارییەکەیان لەسەر بنەمای کێبەرکێ و زاڵبوون و لە مەیدان وەدەرنانی ڕکەبەرەکان بوو. کێشەی بەشێک لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵات ئەوە بوو، کە هێزی سەربازییان تەنیا لە سەر زەوی بەهێز بوو! سەرەڕای ئەوەش هەم تورکە سەفەوییەکان و هەم عوسمانیەکان هێزی سەربازیی بەرچاویان هەبوو لەسەر زەوی و تەنانەت لە نیوەی دووەمی سەدەی 17 تورکەکانی عوسمانی توانیان ڤییەناش گەمارۆ بدن و بۆ ماوەیێک نیوەی ئەوروپا لە گەمارۆدا ڕابگرن، بەڵام لە دەریادا دەسەڵاتی ئەوان تەنانەت نەگەیشتە هێزی دەستە دووهەم و سێیەمەکانی ئەوروپاش. عوسمانیەکان لە لووتکەی دەسەڵاتیشیاندا نەیانتوانی لە گرتنی چەند دوورگەیەکی بچووک لە دەریای ناوەڕاست زۆرتر بڕۆن. حاڵی ئێرانییەکان لەوەش شڕتر بوو! لە ساڵی 1500ی کۆچیدا پورتوگالییەکان پێیان گەیشتە کەنداوی فارس، پاشاکانی سەفەوی نەیانتوانی هیچ بکەن! لاوازی یان نەبوونی هێزی دەریایی بۆ ئێرانییەکان تەنیا کیشەیێکی سەربازی نەبوو! لە سەدەی 16ەوە، هێزی دەریایی بە مانای پەیوەندی، بازرگانی، هەناردەکردن، هاوردەکردن، دەستڕاگەیشتن بە ناوچە تازەکان، گواستنەوە و زانیاری بوو. کەواتە بەبێ هێزی دەریایی، هیچ هەلێک لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیدا نەبوو.

هەرچەندە هەبوونی هێزی دەریایی پێشمەرجی چوونە ناو ململانێی نوێی نێودەوڵەتی بوو، بەڵام تەنیا مەرجی پێویستیش نەبوو!  بەڵکوو پێویستی بە چەند فاکتەرێکی تریش هەبوو، تا بتوانرێت ڕکابەرایەتی لەگەڵ دوژمنەکانیان بکەن! گرنگترینیشیان هەبوونی کەشی لەباری کۆمەڵایەتی-سیاسی، بۆ شۆڕشی پیشەسازی بوو کە لە نێو زلهێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا نەبوو. تەنانەت، ئەم فاکتەرانە لە نێو پورتوگال و ئیسپانیادا (وەک دوو زلهێزی سەدەی 15 و 16) نەبوو! بەم شێوەیە ئەستێرەی بەختی ئەم دوو زلهێزەش کوژایەوە و لە کۆتایی سەدەی 17  تا کۆتایی سەدەی 18 لە بەرانبەر بەریتانیادا هەر لە پاشەکشێدا بوون! بەریتانیا کە توانی باوەش بۆ شۆڕشی پیشەسازی بکاتەوە، جێی ئەوانی گرتەوە.

 بە وتەیەکی تر بە پێچەوانەی ئەو باوەڕە جەماوەرییە کە لە نێو ڕۆژهەڵاتیەکاندا باوە، هەمان ئەو شتە بە سەر ئەو هێزە ئەوروپیانەی کە لە کاتی خۆیدا نەیانتوانی بوو گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری پێویست بکەن داهات، کە بە سەر ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی و هیند و چین هاتبوو. لەم ئاخیرانەدا ئیدی ئیسپانیا و پورتوگال نەک هەر بە بەراوردکردن لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکەی ئەوروپایی لە دوابوون، بەڵکو لەچاو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیش زۆر دواکەوتووتر بوون! کورت و پوخت، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەر یەکەو بەڕێگەی خۆیاندا ڕۆیشتن کە گەیاندیانی بە شوێنی جیاواز! ڕۆژئاواییەکان ڕێگای پێشکەوتن و گەشەکردنیان گرتەبەر، بۆ  پێشکەوتنی زۆرتر بە دوای دەستەمۆکردنی سەرچاوە و سامانی ناوچەکانی دیکەی جیهان ڕۆیشتن و ڕۆژهەڵاتیەکان ڕێڕەوی پاسیڤیوبوون و بێ کاردانەوەییان هەڵبژارد! دواجاریش کاتێک ئەو دوو دەستە بۆ یەکەم جار لە سەدەی هەژدە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە، ئەنجامەکەی زۆر ڕوون بوو. دەرئەنجامێک کە بەسەر زۆرێک لە کۆمەڵگا و نەتەوەکاندا هات و ڕۆژئاوایی یان ڕۆژهەڵاتی، موسڵمان یان مەسیحی هەمانیان بەسەر هات!

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە