کتێبی مرۆیی (مێژوویەکی مژدەهێن)

چاپکردن
پاراگراف
فۆنت

adamiکتێبی مرۆیی بە ناونیشانی لاوەکی (مێژوویەکی مژدەهێن) Humankind – A Hopeful History بەرهەمی شایانی خوێندنەوە و باسهەڵگری نووسەری هۆڵەندی روتخەر بێرگمانە. ڕۆژنامەی گاردییەنی ئینگلیزی بێرگمان بە زانایەکی لێهاتوویەکی خاوەن بیرۆکەی نایاب ناوزەد دەکات. بەرهەمی بێرگمان کتێبێکە کە تێیدا ئایدیای ڕادیکاڵ خراوەتە ڕوو. ئایدیای ڕادیکاڵی کتێبەکە دەڵێ زۆربەی مرۆڤەکان لە ماکدا باشن. چەمکێکە کە بۆ ساڵانێک نادیدە گیراوە، بەڵام لە لایەن هەموو لقە زانستییەکان پەسند کراوە و بە کتێبێکی مێژوویی، فەلسەفی و مرۆڤناسی دادەندرێت. بێرگمان لەم کتێبەدا، مێژووی چەند هەزار ساڵەی مرۆڤی ژیری تاوتوێ کردووە و سەرنجی داوەتە پێگەیشتن و گەیینی مرۆڤ.

ئەم کتێبە دەیەوێ بە مرۆڤی مۆدێرن بڵێ: بە پێچەوانەی ماکیاڤێلی، هۆبز و داوکینز لە بارەی سرشتی شەڕاوی مرۆڤ، هەموو مرۆڤێک سرشتی باشە. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێ کاتێک فشار بۆ مرۆڤ دێت دەست بە کاری هەڵە و ترسناک دەکات، مرۆڤ لە کاتی لێقەومانیشدا دەتوانێت باشترین تایبەتمەندیی خۆی نیشان بدات. بێرگمان سەرنج دەداتە ئەو سەربازە ئەڵمانی و بەریتانیانەی کە لە گەرمەی شەڕی جیهانیی یەکەم لە شەوی کریسمەسی 1914 سرودیان بۆ یەکتر خوێندەوە. لەم نموونەیەوە سەرنج دەداتە ناخی مرۆڤ و هۆکاری شەڕاوی بوون و ژینۆسایدەکان لەبەر بێ ڕەحمی و بەدکاری دانانێت، بەڵکو هۆکاری دیکەی بۆ هێناوەتەوە. ئەڵبەتە ئەم کتێبە مرۆڤ بە شتێکی ئاڵۆز دادەنێت. نووسەر دەیەوێ بڵێ بۆچی پێمان وایە مرۆڤ شتێکی شەڕاوییە. چ دەبوو ئەگەر جیهان چاوەڕێی باشترین تایبەتمەندی مرۆڤی کردبا. نووسەر دەچێتە سەر کوشتارەکانی هیتلەر، ستالین، مائۆ، پۆل پووت و... دەیەوێ ئاشڤیتس شرۆڤە بکات و دوایی بە بەڵگە باسی هۆکاری شەڕاویی بوونی مرۆڤ دەکات. ئەم کتێبە لە بەرانبەر کتێبگەلی وەک دەروونناسی کۆمەڵ، سالاری مێشەکان، تاقی کردنەوەی دەزگای شۆک و تاقی کردنەوەی ژێرزەمینی زانکۆی ستانفۆرد ڕادەوەستێت.

هیوادارین کتێبخانەی کوردی وەرگێڕانی ئەم کتێبە بە قەڵەمێکی ڕەسەن و کوردیزانی پسپۆر و شیریننووس بەخۆیەوە ببینێت.

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە