چاپکردن

پادکەست

فۆنت

 

نەرمەئامرازی پادکەست، ڕۆژنەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ناوەرۆک

محەمەد کەریمخان

# 1000 وشە، ماوەی خوێندنەوە: 10 خولەک#

پادکه‌ستمان به‌م که‌ره‌سته خاکه‌ڕاییه‌وه هێنایه باشووری کوردستان.

podcast in Kurdistan

(ستۆدیۆی synopsis podcast پادکه‌ستی سایتی ڕۆژنه)

 کۆمەڵگای فەرهەنگیی ئەحمەدێ خانی وەک کوانوویەکی خۆبەخشی فەرهەنگ­سازیی لە شاری سۆران هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە دەغدەغەی فەرهەنگیی هەبوە و ئێستا بە بیرێکی کاریگەرتر دەیەوێت لە ڕێگای تۆڕی ئەنتەرنێت چەڵەگەیەکی دیکە بداتە بەر تاوڵ و ڕەشماڵی ماڵی کەلتوور. یەکێک لەو کارانە دەستەی فەرهەنگیی ئەحمەدێ خانی­یە کە لە یەکەم هەنگاویدا پڕۆژەی سازکردنی پادکەستی دەنگیی لە سەر سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ڕۆژنە پێشکەش دەکات. سەرەکی­ترین ئامانجی ئەم کارە دروست بەکارهێنانی ئەنتەرنێتە لە ڕاستەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا.

دونیای نوێ بۆ وڵاتانی دواکەوتوو تەنها لە ڕووی ماشێنی و کەرەستەی فیزیکی پێش کەوتوە، واتا مۆدێرنیسمێکی ڕواڵەتی بێ ماکی مۆدێرنیتە جێ کەوتووە، واتا ڕووی نوێ بووتەوە بەڵام نوێگەرایی ژێربەنایی تێدا ڕووی نەداوە. بۆ وێنە، ئەنتەرنێت وەک ئامراز و کەرەستەیەکی نوێ و پێشکەوتوو هەیە بەڵام وەک پێویست کەلکی زانستی لێوەرنەگیراوە. ئەنتەرنێت وەک ئامێر و ئامراز بە باشترین شێوە لە بەردەستە بەڵام هێشتا بەرهەمهێنانی ناوەرۆک (content creation) لە ژێر هێڵی هەژاریی دایە. ئەگەر بەراوردێکی دواکەوتوان لە گەڵ وڵاتانی پەرەسەندوو بکەین دەبینین کە کۆمەڵگای پێشکەوتوو ئەپ و تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک لینکدین، ڕیسێرچ گیت، ئاکادیمیا و... بەکار دێنن بەڵام کۆمەڵگای لەپاش، زیاتر تۆڕی پەیوەندیی ڕەشۆکانە بەکار دێنن. هەروەها کاتەکانی بەکارهێنانیش لە نێوان وڵاتێکی وەک ژاپۆن و وڵاتێکی دواکەوتوو جیاوازە. بە واتایەکی کورت و ڕاشکاو، ئەنتەرنێت بۆتە شوێنی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نەریتەکانی پێشوو بەڵام بە بەرگ و بەڕقێکی تازەتر. ئەم پرسەی لە سایتی ڕۆژنە کراوەتە خەت و نیشان، کەڵکەڵی فەرهەنگی باشتر بەکارهێنانی ئەنتەرنێت و بەرهەمهێنانی ناوەرۆکە؛ بۆ ئەم مەبەستە بیری لە بەرهەم هێنانی ناوەرۆک­تەوەری پادکەست کردۆتەوە.

پادکەستی دەنگی کە لە ناو کورددا بە تەواوی نەناسراوە و دەتوانین بڵێین هێشتا هەر لە دایک نەبوە یەکێکە لەو هەنگاوانەی، کە ڕەنگە، بۆ یەکەم جار لە ناو کۆمەڵگای ئەنتەرنێتیی باشووری کوردستان، بە شێوەیەکی ئامانجدار و زانستیانە، دەدرێتە بەر ئەزموون. مەبەستی سەرەکی لە دروست­کردنی پادکەست برەودانە بە خوێندنەوەی کتێب، بەو ئامانجەی کە کۆمەڵگای دوودێڕی و سێ­چرکەیی و کورت­بینی ئێمە فێر بێت چۆن خۆی لە بۆمبارانی زانیاریی سەرپێیی و بێ بناغە و هەواڵتەوەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بپارێزێت و مێشک و زەینی تاک لە سەتحی­بوون و هەواڵگەڕیی بۆ بیری قووڵ و پرسیاراویی کاناڵیزە بکرێت. هەروەها ئامانجی دیکە ئەوەیە ژمارە و ڕێژەی کڕیاری و بەکارهێنەری نەرمەمادە فەرهەنگیەکان زیاتر بکەین. هیوامان ئەوەیە دروست­کردنی پادکەست لە داهاتوودا باو و بڵاو بێت و وەک کورد بتوانین ببینە خاوەنی چەندین مێدیۆمی پادکەست­سازی ڕکابەر.

پادکەستی دەنگیی چییە؟

لە بەر ئەوەی ئەم ئامرازە ئەنتەرنێتیە نوێیە و هێشتا تەواو جێ نەکەوتوە پێویستە ئاوای بناسێنین کە، پادکەست بەرنامەیەکی دەنگییە بۆ خوێندنەوەی کوشراوەی کتێبێک لە ماوەیەکی کورت و لە کەشێکی زۆر دۆستانەدا. لە ڕاستیدا، لە دەیەی 1930 داستان­گەلی ڕادیۆیی هاتنە ناو ئامێرەکانی دەنگ و ڕەنگ، ئەمڕۆ هەمان ئەم کەلتورە بە شێوازێکی نوێتر و باشتر لە ڕێی ئامرازی ئەنتەرنێت تەیار بوونەتەوە. دەکرێ بڵێین بەرنامەی پادکەست وەک دەزگای هەزمی خواردنە و مانا و واتای تەواوی کتێبێک بە کورتی و بە بێ قرتانی بنەما و چوارچێوە سەرەکیەکەی شەن و شی دەکاتەوە. بەگشتی ئامرازێکی کارکردییە بۆ بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی خوێندنەوە لە ناو کۆمەڵگادا. بە تایبەت لە ناو کۆمەڵگای وەک ئێمە کە ڕێژەی خوێندنەوە تێیدا زۆر نزم و مەترسیدارە. پادکەست کلیلی چارەسەریی ئەم کێشە کارەساتبارەیە و دەتوانێت بە ئاسانی ئاستی زانیاریی گشتی بەرێتەسەر و ناوەرۆکی زانستی و زانیاریی بەسوود لە ناو کۆمەڵگادا بسوڕێنێت. بە گشتی، پادکەستی دەنگیی ئەم تایبەتمەندیانەی هەیە:

1-پۆلێن بەندی و پلەبەندیی کتێب فێری خوێنەر دەکات؛

2-بە پێی ئامارەکان زۆربەی بەکاربەران تا کۆتایی گوێی لێدەگرن؛

3-بەکاربەر دەتوانێت هاوکات لە گەڵ گوێ­گرتن کاری تایبەتی و لاوەکیش ئەنجام بدات؛

4-هۆکارێکە بۆ دروست­کردنی پەیوەندیەکی دۆستانە لە گەڵ گوێگر؛

5-دەبێتە هۆی بەرجەستەکردنی توانایی؛

6-لایەنی ریکلامی و ئابووری هەیە؛

7-ڕێگایەکی سادە و ساکارە بۆ گەیاندنی ناوەرۆک؛

8-هۆیەکە بۆ کەم کردنەوەی تێچوو؛

9-کلیلێکە بۆ کەلکی زیاتر وەرگرتن لە کات؛

10-بزاوتێکی باشتر و ئامانجدارتر دەداتە ڕەوتی وەرگێڕان.

تامی پادکەست لە چی دایە؟

ئێستا زۆربەی کەسان حەز دەکەن بەرەو مۆڵتی تاسک (multitask) بڕۆن، واتا لە یەک کاتدا چەند کارێک بەیەکەوە ئەنجام بدەن. هەروەها پادکەست جیاوازیی لە گەڵ ڕادیۆ هەیە چونکە لە ڕووی ناوەرۆک ئاستی لەسەرترە و دەستی پادکەست کراوەترە و لە ڕووی کاتیش کەمتر سنووردارە. هەروەها بۆ زۆر کەس پادکەست لە دەقی نووسراویش خۆشترە چونکە پێویستیەکی زۆری بە بەستێنی کات و شوێن و شێوازی دانیشتن و پێداویستیی وەک ڕووناکایی نیە. لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە کاتێک گوێ لە پادکەست دەگری وەرگرتنی ناوەرۆک دەبێتە ئەزموونێکی نزیک (Intimate) و هەست پێکراو.

ڕێژەی بەکاربەرانی پادکەست

ئاماری ژمارەی بەکارهێنەرانی پادکەست لە باشووری کوردستان دیارنیە؛ بەڵام دڵنیاین کە ڕێژەکەی زۆر کەمە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی، یەکەمیان پادکەست بە زمانی کوردی زۆر کەمە و ئەوەی هەشە لە لایەن کوردەکانی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی پەرتەوازە و سەلیقەیی ئەنجام دراوە. دووەم، زۆربەی گەنجانی باشووری کوردستان تەنها زمانی دایک دەزانن بۆیە ناتوانن بە پادکەستی زمانەکانی دیکە لینک بن. ئەڵبەتە بە هۆی نوێ بوونی ئامراز و کەلتوری پادکەست، بەکارهێنەرانی ئەم بەرنامەیە لە وڵاتانی جیران و هاوشێوەی ئێمەش لە چاو ڕێژەی دانیشتوان و خوێندەواران زۆر نیە. جێی ئاماژەیە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا 112 ملیۆن کەس  لانی کەم جارێک پادکەستیان بەکار هێناوە. ڕێژەی گەشەی بەکارهێنەرانی پادکەست لە ئەمریکا ساڵانە 10 تا 12 لەسەد بەرز دەبێتەوە. زۆربەی گوێگرەکانیشی تەمەنی خوار 25 ساڵانن.

هیوادارین بە چاولێکەری و هێنانی کەلتوری هەمەپەسند و باش، بتوانین مەکینەی ئەنتەرنێت پڕ بکەین لە بەرهەمی ناوەرۆک­ئاسا و بە بەکارهێنەر و سازکەر و هەروەها بەرنامەی پادکەست برەو بدەین. لە ڕووی کەلتورسازیی، بۆ ئەوەی سوودی ئەوپەڕیی لە بەرنامەی پادکەست وەرگرن پێویستە ئەم پێشنیارانە بەهەند وەرگرن:

1-زیاتر لە ڕێی مۆبایل گوێ لە پادکەست بگرن؛

2-لە هەفتەیەکدا گوێ لە پێنج پادکەست بگرن؛

3-لە ناو ڕێگا و جادە گوێ لە پادکەست بگرن؛

4-پێش خەوتن یان کارکردنی ڕۆژانە کاتی بۆ دابنێن؛

5-ئەگەر سوودمەند بوو بە سەخاوەتەوە بۆ کەسانی شایستەی بنێرن؛

6-ئەگەر کتێبێکتان خوێندەوە بە نووسین کوشراوەکەی بگرن و بیدەنە بەر باس؛

7-هەوڵ بدەن دوای گوێ گرتن کتێبەکە بە تەواوی بخوێننەوە.

دەستەی فەرهەنگیی ئەحمەدێ خانی ویستی ئەوەی هەیە کە خەڵکی دیکەش بە دیدگای بەرهەمهێنانی ناوەرۆک پادکەست دروست بکەن و بتوانن بە کەرەستەیەکی سادە ببنە ڕکابەری ئەو میدیا بەپارانەی کە پاروو لە مێشکی مرۆڤ دەدەن، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەندێک خاڵ ڕەچاو بکرێن، لەوانە:

1-بەو پەڕی حەز و ئامانج کاتی بۆ دابندرێت و لێی ورد بنەوە؛

2-لە سەرەتای کاردا وا باشترە بیر لە لایەنی ماڵی و پارەیی نەکرێتەوە؛

3-گرینگی بە بەرهەمهێنانی ناوەرۆک بدرێت؛

4-ئەزمونی پادکەستی ئینگلیزیتان هەبێت؛

5-دەبێ هەڵبژاردنی کتێب ئامانجدار بێت؛

6-کتێبی تەواو زانستیی بکرێنە پادکەست؛

7-دەبێ جیاوازیی نێوان کورت­کردنەوە و کوشراوە بزانرێت؛

8-بۆ دروست­کردنی پادکەست هەندێک دەورە و بینینی بەرنامەی تایبەت پێویستن؛

9-گرینگی بە کەشی موسیقایی و دەنگ بدرێت.

#ئەگەر بابەتەکەت پێ­باشە بە پاراستنی سەرچاوەوە بۆ دۆستەکانت بنێرە#

ناردنی بۆچوون

بیروڕات دەرببڕە

بڵاو کردنەوە